دوای 118 رۆژ، یاریزانێکی ریال مەدرید دەگەڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، خۆی بۆ گەڕانەوەی یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی بۆ پێکهاتەی تیپەکە دەکات، پاشئەوەی ماوەی 118 رۆژ بەهۆی پێکانەوە لە یارییکردن دابڕا.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، رووداوەکە پەیوەندی بە ئیدێر میلیتاو، بەرگریکەری بەرازیلیی یانەکەوە هەیە، کە لە دوایین سێ یەکەی مەشقی یانەکەدا بەبێ کێشە و ئازار بەشداریی کردووە لە نێوان رۆژانی چوارشەممە تاوەکو هەینی رابردوو.
سەرچاوەکان گوتویانە میلیتاو لەو یەکە مەشقییانەدا، هەستی بەهیچ ئازار و کێشەیەک نەکردووە، ئەوەش ئومێدی پۆزەتیڤی لای هەمووان دروستکردووە بەوەی کە ئامادەیە بۆ گەڕانەوە و دەستکردنەوە بەیارییکردن.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس' دەڵێ، پێشبینیدەکرێت، ناوی میلیتاو لە لیستی یانەکە بێت بۆ یاریی شەممەی داهاتوو، بەرامبەر مایۆرکا.
هەمان سەرچاوە دەڵێ، ئەگەر هەیە ئەو یاریزانە لە یاریی دواتری یانەکە بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی، لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ رۆژی 7ی مانگی چوار، لە یاریی چووندا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، چەند خولەکێک یاریی بکات.
هەمان رۆژنامە دەڵێ، بەپێی سەرنجی پزیشک و چارەسەرکارانی ریال مەدرید، میلیتاو سرووشتی خۆی لە لێدانی کۆڕنەر، دەرچوون، بەرزونزمیی خێرایی و بەرکەوتنە جەستەییەکان بەدەستهێناوەتەوە و ئەوەش دووپاتیدەکاتەوە کە جەستەی ئەو بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یارییەکان ئامادەیە.
میلیتاو لە 8ی مانگی دوانزەی رابردوو، پێکرانی میلیتاوی لە یاریی یانەکە بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە لالیگا راگەیاند.
ریال مەدرید ئەوکات ئاشکرایکردبوو، ئەو بەرگریکەرە بەرازیلییە، دووچاری پچڕانی ماسوولکەی دووسەرەی ئەژنۆ لە قاچی چەپی بووە.
بەپێی ئەگەری ناونووسکردنی میلیتاو لە لیستی داهاتووی یانەکە بۆ یارییەکەی مایۆرکا، ملیتاو لە دوای 118 یاریی دەگەڕێتەوە بۆ یارییکردن.
میلیتاو لە ماوەی دوورکەوتنەوەی لە ریال مەدرید، لە کۆی 24 یاریی یانەکە بەشداریی نەکرد و ئەو یاریزانە ئومێد دەکات بەبێ کێشە دەست بەیارییکردن بکاتەوە، لەپێناو خۆ ئامادەکردن بۆ مۆندیالی داهاتوو، لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل.