یانەیەکی نێوداری کوردستان مایەپووچبوونی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی جیهادی رۆژئاڤای کوردستان، بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی پێیدا تێدەپەڕێت لە رێگەی رووداوەوە مایەپووچبوونی یانەکەی لە رووی داراییەوە راگەیاند.
 
حەسەن حوسێن، رێکخەری راگەیاندنی یانەی جیهاد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یانەکەیان بەهۆی کێشەی داراییەوە رووبەڕووی مەترسیی راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی بووەتەوە و یانەکە بە زەحمەتییەکی زۆردا تێدەپەڕێت.
 
ئەو بەرپرسەی یانەی جیهاد زیاتر دەڵێت "کەس هاوکاریی یانەی جیهاد ناکات، دەتوانین بڵێین یانەی جیهاد یانەیەک سێوی بووە، کەس خۆی بە خاوەنی نازانێت، نە لەم پارێزگایە و نە لە هەموو سوریاش کەس هاوکاریی تیپەکە ناکات، جگە لەوەش زیاتر لە 20 ساڵە یانەکە لە یاریگەی خۆی یاریی نەکردووە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر یانەکە.
 
حەسەن حوسێن، لە رێگەی رووداوەوە دەڵێت "بانگ لە هەموو لایەک دەکەین، بۆ ئەوەی یانەی جیهاد بگەڕێتەوە نێو یاریگەی خۆی، ئەگەر ئەوە نەکرێت هەموو چالاکییەکانمان رادەگرین، داوا لە پارێزگاری حەسەکە و لە حکومەتی کاتی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ئەوەی خۆیان بە خاوەن لە یانەی جیهاد بزانن، بۆ ئەوەی یانەکە بەردەوامبێت، هیوادارین هاوکاریی یانەکە بکرێت بۆ ئەوەی یانەکە بتوانێت بەردەوامبێت.
 
یانەی جیهاد بە تیپی یەکەم کە لە خولی پلە یەکی سوریا یاریی دەکات، بە تیپی لاوان کە لە خولی نایابی سوریا یاریی دەکات لە دۆخێکی دارایی زۆر خراپدایە و ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی یانەکە بانگەوازی هاوکاری بکات.
 
یانەی جیهاد، یەکێک لە نێودارترین یانەکانی رۆژئاڤای کوردستانە، زیاتر لە 22 ساڵە یانەکە هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆی لە قامشلۆ ئەنجامنەداوە و لە 2004 بەبڕیارێکی سیاسی یارییکردنی یانەکە لە یاریگەی خۆی قەدەخەکرا، وەرزشڤانانی قامشلۆ، یاریزانان و راهێنەرانی یانەکە داوادەکەن هەرچی زووە بڕیارەکە هەڵبوەشێنرێتەوە بۆ ئەوەی یارییەکانی یانەکە بگەڕێندرێنەوە قامشلۆ.
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە دوایین یارییدا لە خولی پلە یەکی سوریا، یانەی جیهاد بەرامبەر یانەی هیلال لە دیمەشق یارییەکەی ئەنجامدا، لەکاتێکدا دەبووایە یارییەکە لە قامشلۆ بکرێت.