فەرەنسا دوایین یاریی پێش مۆندیال ئەنجامدەدات و ئێمباپێ ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا دوایین یاریی دۆستانەی بەر لە یارییەکانی جامی جیهانیی 2026 ئەنجامدەدات و کیلیان ئێمباپێ بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
دوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی بەرازیل بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، هەڵبژاردەی فەرەنسا یارییەکی دیکەی دۆستانە ئجامدەدات و ئەمشەو کاژێر 22:00 رووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دەبێتەوە.
یارییەکە لە یاریگەی فێدیکس فیڵد لە ماریلاندی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ئەمە دوایین یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەبێت بەر لە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
کیلیان ئێمباپێ، لە یاریی رابردووی هەڵبژاردەکەدا گۆڵێکی بەرامبەر بەرازیل تۆمارکرد، لە خولەکی 66 گۆڕانکاریی پێکرا، یاریزانەکە لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەرکەوت و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
ئەمە پێنجەم یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەیە، پێشتر سێجار لە یارییە دۆستانەکاندا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە.
لەو چوار یارییەی فەرەنسا بەرامبەر کافێتێرۆس ئەنجامیداون، 3 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە یارییەکدا دۆڕاوە، کە دۆڕانەکەیان لەو یارییە دۆستانە بوو کە ساڵی 2018 لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا.
فەرەنسا لە یارییەکانی مۆندیالی 2026، لە کۆمەی دەیەم یاریی دەکات، یەکەم یاریی رۆژی 16-6 بەرامبەر سەنیگال دەبێت، پاشان بەرامبەر یەکێک لە هەڵبژاردەکانی عێراق یان بۆلیڤیا یاریی دەکات و لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانیش رووبەڕووی نەرویج دەبێتەوە.