چۆن خۆگەرمکردنی یاریزانان لە کارێکی بێماناوە گۆڕا بۆ زانستێکی ئاڵۆز؟



رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانکارییەکی گەورە لە پڕۆسەی خۆگەرمکردنی یاریزانان بەر لە یارییەکان و مەشقەکان لە تۆپی پێدا روویداوە. ئێستا یانەکان بە وردی و لەسەر بنەمای زانستی، ئامادەکاری بە یاریزانەکانیان دەکەن بەرلەوەی یارییکردن دەستپێبکەن. 
 
پێشتر بەجۆرێک لە بێبایەخی و گاڵتەجارییەوە سەیری خۆگەرمکردنی یاریزانان بەرلە یارییەکان دەکرا، بەڵام ئەو سەردەمە نەما راهێنەر و یاریزانان بە گاڵتەوە سەیری کارەکە بکەن، ئێستا هەموو یانەیەکی پیشەگەر پەیڕەوی سیستمێکی جیهانی دەکات بۆ پاراستنی یاریزانەکانی لە پێکان و ئامادەکردنیان لە رووی دەروونی و جەستەییەوە.
 
دەیڤید پڕوتن، یاریزانی پێشووی پرێمەرلیگ، بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ میدیاکان دەگێڕێتەوە و دەڵێت "لە ساڵانی 2000 و 2010 بەشێکی زۆری یاریزانان بەبایەخەوە سەیری خۆگەرمکردنیان نەدەکرد". بە گوتەی ئەو یاریزانە، هەندێک لە هاوڕێکانی تەنیا بۆ ئەوەی وزەیان بۆ کاتی یارییەکە هەبێت، لە کاتی خۆگەرمکردندا هیچیان نەدەکرد. پڕوتن دەڵێت "راهێنەرێکم هەبوو لەبەردەم هەمووماندا دەیگوت، خۆگەرمکردنی یاریزان کارێکی بێمانایە، ئەوەش کارەکەی بۆ راهێنەرانی جەستەیی زۆر سەخت دەکرد".
 
ئێستا دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە. کاڵوم واڵش، راهێنەری پێشووی زانستی وەرزشی لە یانەی نیوکاسڵ، ئاماژە بەوە دەکات هاندەران تەنیا نیوەی ئەو کارانە دەبینن کە یاریزان بەر لە یارییەکان ئەنجامی دەدەن. واڵش دەڵێت "99%ـی یاریزانان 15 بۆ 30 خولەک لە هۆڵی وەرزشی ئامادەکاری دەکەن ئینجا دێنە نێو یاریگە". ئەم ئامادەکارییە بۆ چارەسەری کێشە درێژخایەنەکانی ماسوولکە و جومگەکانە بەرلەوەی یاریزانەکە دەست بە راکردن بکات.
 
پڕۆسەی خۆگەرمکردن، لەسەر بنەمای سیستمێکە پێی دەگوترێت (RAMP)، ئەم سیستمە لە چوار قۆناخ پێکهاتووە. یەکەم؛ بەرزکردنەوەی لێدانی دڵ. دووەم؛ چالاککردنی ماسوولکەکان. سێیەم؛ جوڵاندنی جومگەکان و چوارەم؛ ئامادەکردنی جەستە بۆ کارە هەرە قورسەکان وەک راکردنی خێرا. 
 
واڵش دەڵێت "لە دوایین قۆناخدا یاریزانان وا رادەهێنرێت زیاتر لەو وزەیەی پێویستیانە بەکاری بهێنن، بۆیە هەندێک جار دەبینن یاریزانان رادەکەن یان لەگەڵ یەکدی ململانێی جەستەیی دەکەن".
 
راهێنەرە جەستەییەکان لە رۆژانی یارییەکاندا، پابەندی یەک سیستم دەبن و نایانەوێت هیچ شتێک بگۆڕن، چونکە یاریزانان حەزیان بە رۆتینە و دەیانەوێت هەموو شتێک بە ئۆتۆماتیکی بڕوات، بەڵام لە کاتی مەشقەکاندا دۆخەکە جیاوازە. واڵش دەڵێت "لە مەشقەکاندا رۆژانە شێوازی گەرمکردن دەگۆڕین بۆ ئەوەی یاریزانەکان بێزار نەبن".
 
دێوەزمەی گەورەی یانەکان و راهێنەرانی جەستەیی ئەوەیە، یاریزانێک لە کاتی خۆگەرمکردندا تووشی پێکان ببێت. ئەم دۆخە بەهۆی ماندوێتی زۆر، ساردی کەشوهەوا یان بوونی کێشەیەکی پێشوەختە لە جەستەی یاریزانەکە روودەدات. واڵش دەڵێت "کاتێک یاریزانێک لە خۆگەرمکردندا تووشی پێکان دەبێت، شتێکی زۆر دەگمەنە بەڵام رووشدەدات، بە گشتی خۆگەرمکردن هێندە قورس نییە ببێتە هۆی پێکانی یاریزانەکان".