تێباس: بارسێلۆنا وەک میترۆ وایە، دەبێ یاریزان داببەزێت تا مێسی بتوانێ سەربکەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا جارێکی دووپاتیکردەوە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا ئاڵۆزە.
 
گرێبەستی مێسی لەگەڵ سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، لە کاتێکدا دەکرێ گرێبەستەکە بەرەزامەندی هەردوولا بۆ وەرزێکی دیکە نوێبکرێتەوە، بارسا هەوڵدەدات ئەو یاریزانە بەگەڕانەوە بۆ کامپ نو، رازی بکات.
 
لە نێو ئەو دەنگۆ زۆرانەی کە باس لە نزیکیی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا دەکەن، خاڤیێر تێباس، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە گەڕانەوەی مێسی هەروا ئاسان نییە. تێباس دەڵێ، تا ئەم ساتە، گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا، ئاڵۆزە.
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "دەبێ بزانین بابەتەکە چۆن دەچێتە پێشەوە، بەڵام بەرلەوە کۆمەڵێک مەرج هەن کە دەبێ بارسا جێبەجێیان بکات، دەبێ هەندێک یاریزان لە یانەکە بڕۆن، ئەوانیدیکەش مووچەکانیان کەمبکەنەوە، تاوەکو مێسی ببێتەوە یاریزانی بارسا".
 
ئەو زیاتر گوتوویەتی، "دەبێ ئەوەش بزانین مووچەی مێسی چەندە لە بارسێلۆنا. چونکە بارسا وەک پاریس سانجێرمان نییە بۆریی غازی هەبێت و پارەی بەسەردا ببارێت و بەئاسانی کێی ویست گرێبەستی لەگەڵدا بکات، بەپێی ئەوەی ئێستا هەیە، گەڕانەوەی مێسی زەحمەتە".
 
سەرۆکی لالیگا زیاتر دەڵێم "دەبێ بارسا بنمیچی مووچەکانی کەمبکاتەوە تاوەکو یاریزانی نوێ بهێنێت.. بارسا وەک میترۆی گواستنەوەی خەڵک وایە، دەبێ هەندێک کەس لە میترۆکە داببەزن،  بۆئەوەی هەندێکی دیکە بتوانن سەربکەون".
 
سەرۆکی لالیگا، هەروەها هەڵوەستەی لەسەر دۆسێی نیگرێرا کردووە و دەڵێ، "ئەوە گەورەترین تەنگژەیە کە من گوێبیستی بووبێتم.. یانەیەک مووچە بداتە جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان بۆ ماوەی 18 ساڵ، ئامانجەکە هەرچییەک بێت، بابەتەکە مەترسیدارە و زیان بەناوبانگی خولی ئیسپانیا دەگەیێنێت".