ئەمشەو قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە و لووتکەی رکابەرییەکە لە لەندەنە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەستپێدەکات و یەکەم یاریی چوونی ئەم قۆناخە لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی یاری دەکات.
 
هەردوو یانە رۆژی دووشەممە دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا، یانەی ئارسیناڵ دوای دوو رۆژ لە لەدەستدانی نازناوی پرێمەرلیگ لە بەرژەوەندی یانەی لیڤەرپوول ئەم یارییە دەکات و دەیەوێت بە ئەنجامێکی باش و ئاستێکی بەرزەوە یاریی یەکەم تەواو بکات و بە ئارامییەوە بۆ یاریی گەڕانەوە بچێتە پاریس.
 
ئارسیناڵ لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە، دوای کرانە دەرەوەی یانەی ریال مەدرید لە قۆناخی رابردوو، تیپەکە متمانەیەکی زیاتری بەخۆیەتی و دەیەوێت لە رکابەریکردن بەردەوامبێت.
 
گانەرز لە دوای ساڵی 2009ـەوە یەکەمجارە دەگاتە ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگ، پێشتر تەنیا یەکجار لە 2006 گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و چاوی لەوەیە ئەمجارەش ئەو سیناریۆیە دووبارەبکاتەوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت هەنگاوی یەکەم لە یاریگەی خۆیدا بەباشی بنێت.
 
ئارسیناڵ لە پێکهاتەکەیدا کێشەی زۆری هەیە، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری یاریزانەکانی یاریی ناکات، تۆماس پارتی بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانییەوە ئامادەنابێت، کای هاڤێرتز، گابریێل جیسۆس، گابریێل ماگالایس، ریکاردۆ کالافیۆری، جۆرجینۆ و تاکیهێرۆ تۆمیاسۆ پێکانیان هەیە و ئامادەنین بۆ یارییکردن.
 
یانەی پاریس سانجێرمان بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە لە لەندەنە و دەیەوێت لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
 
یانە فەرەنسییەکە بەبێ هیچ کێشەیەک، رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و تەواوی یاریزانەکانی لویس ئێنریکێ بۆ یارییەکە ئامادەن.
 
پاریس سانجێرمان لە قۆناخی رابردوودا، لە یانەی ئاستۆن ڤیلای ئینگلیزیی بردووەتەوە و ئەمجارەش رکابەرەکەیان ئینگلیزییە، دوو راهێنەری ئیسپانی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یەکێکیان ماوەیەکی درێژە کارەکە دەکات کە لویس ئێنریکییە و ئەوەی دیکەیان گەنجە و ویستی گەورەی رکابەریکردنی هەیە کە میکێل ئارتێتایە.
 
پاریس لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات، لە گەڕی رابردووی خولی فەرەنسادا بۆ یەکەمجارە لەم وەرزەدا دۆڕا و لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ بە یانەی نیس دۆڕا، بەڵام ئەو دۆڕانە پێناچێت کاریگەرییەکی وای لەسەر پێکهاتەی ئێنریکێ هەبێت، بەتایبەت کە یانەکە دوای یەکلاکردنەوەی خولی فەرەنسا هەموو بیرکردنەوەیەکی لای چامپیۆنزلیگە.
 
ئەمە دووەم یاریی نێوان هەردوو یانەی ئارسیناڵ و پاریس سانجێرمانە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، لە قۆناخی یەکەمی رکابەرییەکەدا هەردوو تیپ رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئارسیناڵ یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوولا لە یاریگەی پارک دی پرێنس لە پاریس بەڕێوەدەچێت و ئەو تیپە یەکلادەبێتەوە کە دەگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە.