راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید لەگەڵ یانەکەی کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزن، بەبەرپرسانی یانەکەی راگەیاندووە پێویستی بەکۆبوونەوەیەکی خێرا هەیە لەگەڵیان، لە کاتێکدا سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە ئەو راهێنەرە، مەشقدانی ریال مەدرید لە ئەستۆ دەگرێت.
 
سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەڵمانیا دووپاتیدەکەنەوە، ئەلۆنسۆ داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لە بەرپرسانی بایرلیڤەرکوزن کردووە، تاوەکو بڕیاری رۆیشتنی خۆی بەوان رابگەیێنێت، بەرلە کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی رکابەرییەکانی نێوخۆی ئەڵمانیا.
 
هەواڵەکەی ئەلۆنسۆ، لە کاتێکدایە رۆیشتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە مەشقدانی ریال مەدرید، بەڕێژەیەکی زۆر یەکلابووەتەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەنچێلۆتی لە چەند رۆژی رابردوودا، لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل رێکەوتنی سەرەتایی کردووە، بۆ لە ئەستۆگرتنی مەشقدانی سیلیساو و لە مانگی شەشدا و بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان، لە کارە نوێیەکەی دەستبەکاردەبێت.
 
پێشبینیکراوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ریال مەدرید و ئەنچێلۆتی بەفەرمی لەیەکدی جیا ببنەوە.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی رۆیشتنی ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە، کارگیڕیی ریال مەدرید ناچارە بەخێرایی لەپێناو دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتوو، جووڵە بکات.
 
هەموو سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی چابی ئەلۆنسۆ کە ساڵانێکی بەرچاو لە ریال مەدرید یارییکردووە، راهێنەری داهاتووی تیپەکەیە. هەروەها ئەو راهێنەرە نزیکە لە رێکەوتنی تەواو لەگەڵ ریال مەدرید.
 
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە کە ئەلۆنسۆ لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کارگێڕیی لیڤەرکوزن ئەنجامدەدات بۆ ئەوەی بڕیاری رۆیشتنی خۆی بەوان رابگەیەنێت.