پەیامی لامین یامال لەبارەی بەراوردکردنی بە مێسی

 
رووداو دیجیتاڵ

لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی رەنگکردنی قژی و بەراورکردنی بە لیۆنێل مێسی قسە دەکات و دەڵێت "ئەوە بۆ ئێوە بەجێدەهێڵم و بەراورکردن بێمانایە."
 
لامین بەر لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "من لە ماڵەوە هەست بە بێزاری دەکەم، بۆیە بڕیارمدا رەنگی قژم بگۆڕم، هەندێک کەس پێیانوایە من لووتبەرز و لە خۆباییم، بەڵام من پێیاندەڵێم، من براوەم و ئێوە ناتوانن هیچم پێبڵێن."
 
ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا دەڵێت "لە تەمەنی مندا زۆر کەمن ئەوانەی ژمارەیەکی زۆر یارییان بۆ یانەیەکی وەکو بارسێلۆنا کردبێت، من دەمەوێت کەسێک بم رێزبگرم و رێزلێگیراوبم، ئەمە ئەو شتەیە کە دایک و باوکم فێریانکردووم."
 
لەبارەی ئاستبەرزییەکەی لەم وەرزەدا لەگەڵ بارسا، لامین گوتی "هەمووان باسی من، پێدری و رافینیا دەکەن، بەڵام دەمەوێت بڵێم، فرێنکی و ئینگیۆ ئاستێکی نایابیان هەبووە و هاوشێوەی ئێمە شایەنی گرنگیپێدانن، دڵ ئێستا کێشەی لە قاچەکان زیاترە، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ریال مەدرید یاری دەکەیت، یان لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی بەرامبەر ئینتەرمیلان یاری دەکەیت، دەتەوێت هەرچییەکت هەیە و زیاتریش پێشکێشبکەیت."
 
لەبارەی بەراورکردنی بە لیۆنێل مێسی، لامین یامال دەڵێت "من خۆم بەکەس بەراورد ناکەم، چ جای مێسی، ئەوە بۆ ئێوە بەجێدەهێڵم و پێموایە بەراوردکردن بێمانایە، ئێمە بیرکردنەوەمان لای باشتربوونە، من زۆر سەرسامم بە مێسی و ئەو باشترین یاریزانی مێژووە."
 
لامین باسی یارییەکەیان بەرامبەر ئینتەر دەکات و گوتی "یارییەکەی سبەی هیچ پەیوەندییەکی بە ئەنجامەکانی ئینتەرمیلانەوە نییە لە ماوەی رابردوودا، ئەمە قۆناخی پێشکۆتاییە و شتێکی روونە، ئینتەرمیلان تیپێکی زۆر زەحمەتە."
 
رۆژی چوارشەممە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەنێوان بارسێلۆنای ئیسپانی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەکرێت و یارییەکە لە بارسێلۆنا بەڕێوەدەچێت.