لێدوانی راهێنەران.. سیمیۆنی چامپیۆنزلیگ بەقەرزاری خۆی نازانێت و ئارتێتاش مێژووی دەوێت

رووداو دیجیتاڵ 

 

دوای ئەو یارییە ئاگرینەی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و بایرن میونشنی ئەڵمانی بەڕێوەچوو، کە بە بردنەوەی یانەی پاریسی بەئەنجامی 5-4 کۆتاییهات، ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان لە دووەم یارییدا ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی و ئارسیناڵی ئینگلیزی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان بۆ میدیاکان کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید:
 
گەیشتنەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دوای نۆ ساڵ، کارێکی ناوازەیە، لەکاتێکدا لە ماوەی چواردە ساڵدا تەنیا چوارجار گەیشتووینەتە ئەم قۆناخە. ئەمە بەڕاستی شتێکی نایابە، باوەڕپێنەکراوە. پێموایە ئەم باوەڕە، ئەم جۆشوخرۆش و ئەم وزەیەی کە هاندەرانمان پێمان دەبەخشن، سوودێکی زۆرمان پێدەگەیەنێت. یارییەکی سەخت بەرامبەر رکابەرێکی زۆر بەهێز ئەنجام دەدەین.
 
ئایا چامپیۆنزلیگ قەرزاری ئێمەیە؟! کەس قەرزاری ئێمە نییە. دەبێت شایستە بین و دەستکەوتەکان بەدەستبهێنین، بۆ بەدیهێنانی ئەوەش، دەبێت بە سەختی و بەوردەی کاربکەین. بێگومان دەبێت بەختیش یاوەرمان بێت.
 
سەبارەت بە  جولیان ئالڤارێز؟ نازانم لە مێشکی ئەودا چی دەگوزەرێت، بەڵام کارێکی ئاساییە کە یانەکانی وەک ئارسیناڵ، پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا بیانەوێت یاریزانێکی ناوازەی وەک ئەو بگوازنەوە. ئەو یاریزانێکی زۆر باشە.
 
پەیوەندیکردنی ئادیمۆلا لوکمان کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی لەسەر تیپەکە هەبوو. ئەو بەڕاستی خاوەنی توانایەکی هێرشبەریی تایبەتە. هەروەها لە لایەنی بەرگریشدا زۆر بەرەوپێش چووە. با بزانین بۆ یارییەکە چاک دەبێتەوە یان نا.
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ:
 
دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەرامبەر نیوکاسڵ بەدەستمانهێنا، راستەوخۆ هەستت بەو وزە و متمانەیە دەکرد کە بۆ ئەم یارییە هەمانە. شانازییەکی گەورەیە کە جارێکی دیکە و بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک لێرەین لە نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ. چ هەلێکی زێڕینە! بە هەردوو دەستمان دەستی پێوەدەگرین. تیپێک دەبینن کە دەیەوێت باڵادەست بێت، دەیەوێت بباتەوە و دەیەوێت هەر لە یەکەم یارییدا ئەنجامەکە یەکلایی بکاتەوە.
 
نووسینەوەی مێژوو  ئەو هەستەیە کە هەموومان هەمانە، و ئەمە ئەو وزەیەیە کە لە نێوان تیپەکە و یانەکەدا هەستی پێدەکەم. ئەمە ئەو ئاستەیە کە دەمانەوێت هەمانبێت، کە لەڕێگەی کارێکی نایاب، خولیایەکی زۆر و کوالێتییەکی بەرزەوە لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا شایستەی بووین. ئێستا کاتی ئەوەیە خۆمان بسەلمێنین و نیشانی بدەین چەندە بەهێزین و چەندە حەزمان بە بردنەوەیە. روونە کە هەلەکە لەبەردەمماندایە و دەبێت بیقۆزینەوە.
 
دەبێت ئاستی خۆمان باشتر بکەین، ئاشکرایە هەرچەندە ژمارەی لێدانەکانمان بۆ گۆڵ زیاتر بێت، کوالێتییەکەش باشتر دەبێت. ئاستمان بەرامبەر نیوکاسڵ نموونەیەکی نایاب بوو بۆ ئەوەی بزانین چی دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت. بۆیە هەوڵ دەدەین لە هەموو لایەنەکانەوە پەرە بسێنین، بەڵام لەهەمانکاتدا، بۆ گەیشتن بەم ئاستەی ئەمشەو، دەبێت تیپێکی ناوازە بیت، یان یەکێک بیت لە چوار باشترین تیپەکەی ئەورووپا. تەنیا بیری لێبکەوە ئەوە چەند قورسە.