مارتن ئۆدیگارد: ئێمە لە دۆخێکی نایابداین بۆ دروستکردنی مێژوو
رووداو دیجیتاڵ
مارتن ئۆدیگارد، ئەستێرەی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی گەشبینە بە تیپەکەیان و دەڵێت "ئێمە لە دۆخێکی نایابداین بۆ دروستکردنی مێژوو".
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی و ئارسیناڵی ئینگلیزی لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە واندا میرتۆپۆلیتانۆ لە مەدرید رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
مارتن ئۆدیگارد، ئەستێرەی یانەی ئارسیناڵ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا بە گەشبینییەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە خۆی و هاوڕێکانی دەیانەوێت مێژوو تۆمار بکەن و ئەم وەرزە نازناوێکی گەورە بەدەستبێنن.
ئەمە پوختەی قسەکانی مارتن ئۆدیگاردە:
هەلی بردنەوەی نازناوێکی گەورە بۆ ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی نازناوەکە دەبەینەوە. ئەمە شتێکە کە دەبێت قبوڵی بکەین. وەک پێشتریش گوتم، دەبێت سوود لە هەموو ئەو ئەزموون و وانانە وەربگرین و بەباشترین شێوە بەکاریان بهێنین. پێموایە ئەمە بەشێکە لە تۆپی پێ، بەشێکە لە گەشتی سەرکەوتن. دەبێت لە ساتەکەدا بژین، وایە؟ ئێمە ئێستا لە دۆخێکی نایابداین، و پێگەیەکی زۆر باشمان لە پرێمەرلیگ و لە چامپیۆنزلیگدا هەیە. بەڵێ، دەبێت سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت؛ سەیری هەموو رۆژێک و هەموو یارییەک بکەین و بیر لەوە بکەینەوە چۆن دەتوانین لە باشترین ئاستماندا بین، دواتر دەبینین چی روودەدات، بەڵام ئێمە لە دۆخێکی زۆر باشدایین و بەتەواوی ئامادەین.
ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموومان. وەک گوتم، ئێمە لە دۆخێکی نایابداین بۆ دروستکردنی مێژوو. ئەمەش هەر ئەوەیە کە هەوڵی بۆ دەدەین. من ماوەیەکی درێژە بەشێکم لەم یانەیە و لە یەکەم یارییەوە بینەری گەشەسەندنی یانەکە بووم؛ قەبارەی ئەو پێشکەوتنەی بەدەستمانهێناوە و ئەو هەنگاوانەی بڕیومانە. بوون بە بەشێک لەمە شتێکی سەرسوڕهێنەر بووە. بێگومان دەمانەوێت ئەو دوایین هەنگاوە بنێین و بەڕاستی شتێکی گەورە بەدەستبهێنین. بەڵێ، ئەمە ئامانجە هەرە بەرزەکەیە، گەورەترین خەونە. هەر ئەمەشە کە هەموومان هەموو رۆژێک کارمان بۆی کردووە.