ڤیدیۆ؛ مێسی و سوارێز، ئینتەرمەیامییان گەڕاندەوە سەر رێگەی راست


رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند ئەنجامێکی خراپ، یانەی ئینتەرمەیامی گەڕایەوە سەر رێگەی بردنەوەکان و بە سەرکردایەتیی لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز، لە یانەی مۆنتریالیان بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 16ـی خولی ئەمریکا، ئینتەرمەیامی لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی مۆنتریالی کرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لەو یانەیەی بردەوە.
 
دوای 26 خولەک یارییکردن، لیۆنێل مێسی لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ئینتەرمەیامی تۆمارکرد و خاوەن یاریگەی پێشخست.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە تەنیا ئەو گۆڵەی تێدا بینرا، لە خولەکی 68 لویس سوارێز بە ئاسیستی مێسی گۆڵی دووەمی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
 
دوای چەند خولەکێکی کەم سوارێز گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ئینتەرمەیامیی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 73 دانتێ سیالی ئەنجامەکەی بۆ مۆنتریال کەمکردەوە.
 
لە خولەکی 87 مێسی و سوارێز پاساتێکی جوانیان کرد و لیۆ گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی ئینتەرمەیامیی تۆمارکرد.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە ڤیکتۆر لوتۆری، مۆنتاریالی کردە خاوەنی دوو گۆڵ، ئینتەرمەیامی یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە، دوای چوار یاریی بەبێ بردنەوە ئەمە یەکەم سەرکەوتنی ئینتەرمەیامییە و یانەکە بووە خاوەنی 26 خاڵ و لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولی ئەمریکایە.