بایرن میونشن گواستنەوەی تای راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی جۆناتان تا، بەرگریکاری ئەڵمانی و یانەی بایرلیڤەرکوزنی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
بایرن میونشن لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا گواستنەوەی یاریزانەکەی تاوەکو 30-6-2029 بۆ ریزەکانی راگەیاند، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن کۆتاییهات.
 
تا بێبەرامبەر پەیوەندیی بە یانە باڤارییەکەوە کردووە و درێسی ژمارە 4 لە یانەکەدا دەپۆشێت.
 
یان کریستیان درێسێن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن دەڵێت "زۆر دڵخۆشین بە پێشوازیکردن لە جۆناتان تا لە یانەی بایرن میونشن، ئەو یاریزانێکی نێودەوڵەتی پێشەنگ و بە ئەزموونە، ئەو یەکگرتوویی و کوالێتییەی ئەو هەیەتی بەرگریمان بەهێز دەکات، گواستنەوەی ئەو بۆ ئێمە دەستەوتێکی راستەقینەیە و سەلماندوویەتی دەتوانێت نازناوەکان بباتەوە."
 
جۆناتان تا لەبارەی پەیوەندیکردنی بە یانەی بایرن میونشنەوە گوتی "زۆر دڵخۆشم لە بایرنم، دەمەوێت لێرەوە بەرپرسیارەتی ئەوە بگرمە ئەستۆ و هەموو رۆژێک بە رژدییەوە کاربکەم بۆ ئەوەی وەکو تیمێک سەرکەوتوو بین و بەیەکەوە نازناوی زۆر ببەینەوە."



جۆناتان تا، تەمەنی 29 ساڵە، لە هامبۆرگ لە دایکبووە و ساڵی 2009 لە تەمەنی 13 ساڵیدا لە تیپی ئەکادیمیای هامبۆرگ دەستی بە یارییکردن کردووە، ساڵی 2017 لە تەمەنی 17 ساڵیدا یەکەم یاریی خۆی وەکو یاریزانی پیشەگەر ئەنجامداوە، یاریزانەکە جگە لە هامبۆرگ بۆ یانەکانی فۆرتونا دوسێلدۆرف و بایرلیڤەرکوزن یارییکردووە و لە بایرلیڤەرکوزن لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا یەکێک بووە لە یاریزانە سەرەکییەکان و وەرزی رابردوو، خولی ئەڵمانیا، جامی ئەڵمانیا و جامی سوپەری ئەڵمانیای لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێنا.