ئەوەی بنزیما کردی بە رۆناڵدۆ نەکرا
رووداو دیجیتاڵ
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و گۆڵکاری یانەی ئیتیحاد رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی سعودیە لەگەڵ یانەکە و بەباشترین یاریزانی خولەکە دەستنیشانکرا.
بنزیما لەم وەرزەی خولی سعودیدا، بەشداریی لە 29 یارییدا کرد، 21 گۆڵی تۆمارکرد و 9 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد، یاریزانەکە بەشداریی لە 29 گۆڵی یانەکەیدا کرد، جگە لەوەش تەنیا یەک کارتی زەردی وەرگرت.
کەریم لەم وەرزەدا زۆر لە وەرزی رابردووی باشتربوو، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو تەنیا 9 گۆڵی تۆمارکرد.
بەهۆی گۆڵەکانی بنزیماوە، ئیتیحاد یاریی زۆری بردەوە و ئەستێرە فەرەنسییەکە رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکەدا، بەو هۆیەشەوە کەریم بنزیما بەباشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی سعودی دەستنیشانکرا.
جگە لەوەش، لوران بلان، راهێنەری فەرەنسیی یانەی ئیتیحاد، وەکو باشترین راهێنەری خولەکە دەستنیشانکرا و بووە نۆیەم راهێنەر لە یەکەم ئەزموونی کارکردنیدا لە سعودیە نازناوی خولەکە بباتەوە و یەکەم راهێنەری فەرەنسییە خولی سعودی دەباتەوە.
دەستنیشانکردنی کەریم بنزیما وەکو باشترین یاریزانی خولی سعودی لەکاتێکدایە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا 25 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکاری خولەکە.
رۆناڵدۆ لە 2023ـەوە چووەتە سعودیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی فەرمیی لەگەڵ یانەکەی نەبردووەتەوە.
لەم وەرزەی خولی سعودیدا 227 رۆژ خولەکە بەردەوامبوو، 18 یانە بەشداربوون، 306 یاری ئەنجامدران 249 یاری بەبردنەوەی تیپێک کۆتاییانهات، 57 یاری بەیەکسانبوون کۆتاییهاتن کە 12 لەو یەکسانبوونانە گۆڵیان تێدا تۆمارنەکرا، لە خولەکەدا 902 گۆڵ تۆمارکران، لە خولەکی 90 بە دواوە زۆرترین گۆڵ تۆمارکراوە کە 115 گۆڵە و 7 گۆڵی لە خولەکی یەکەمی یارییەکاندا تۆمارکراون.