هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە راهێنان بەردەوامە
رووداو - هەولێر
راهێنەری توانای جەستەیی هەڵبژاردەی عێراق ئاشکرایکرد، بەهیوای ئەنجامێکی باش لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ خوار تەمەنی 19 ساڵ ئامادەکارییان بەردەوامە.
دەستەی راهێنەران و یاریزانانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەشێوەی ئۆنلاین لەگەڵ لیژنەی هونەری دەستەی کاتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کۆبوونەوە، بۆ دانانی پلانی نوێی تیپەکە.
یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە ئۆزبەکستان بەڕێوەدەچیت، هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەسەرکردایەتی قەحتان جەسیری راهێنەر لە کۆمەڵەی دووەم ململانێی هەڵبژاردەکانی یابان، کۆریای باشوور لەگەڵ بەحرەین دەکات.
ئەحمەد جومعە، راهێنەری توانای جەستەیی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بەتۆڕیی میدیایی رووداو، گوتی "لە کۆبوونەوەماندا بە یاریزانانمان گوت ئامادەکاری راستەقینە دەستپیدەکات، هەروەها ئەرک و راهێنانی نوێمان پێشکەشکردن کە بتوانن لە ماڵەوەش بجوڵێن و توانای جەستەییان باش بێت".
جومعە ئەوەشی روونکردەوە "مانگی داهاتوو دەگەڕێینەوە ناو راهێنان لە یاریگە و چاوەڕوانی رێنماییەکانی شانەی قەیرانەکانی حکومەتی عێراقین، دەمانەوێت بە هێزێکی زۆرەوە بچینە ناو یارییەکانی ئاسیا".