لیڤەرپوول وەکو ڤێرنێر کۆلیبالی لەدەستنادات

رووداو - هەولێر

یانەی لیڤەرپوول نزیکە لە گواستنەوەی خالیدۆ کۆلیبالی و بۆ بەدەستهێنانی ئەم یاریزانەش دەستبەرداری یاریزانێکی دەبێت.

رێدز نایەوێت وەکو تیمۆ ڤێرنێر ئەم یاریزانەش لەدەستبدات و دەیەوێت لە زووترین کاتدا گرێبەستی لەگەڵدا واژۆبکات، گفتوگۆکانیش بۆ گواستنەوەی خالیدۆ دەستیپێکردووە.

رۆژنامەکانی ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن، ناپۆلی رازیبووە دەستبەرداری بەرگریکارە سەنیگالییەکە ببێت، بەڵام لە بەرامبەردا داوای دیان لۆڤرینی بەرگریکاری رێدزی کردووە.

لیڤەرپوول بڕێک پارە و لۆڤرین دەداتە ناپۆلی و داواکەی پارتینۆپێ هیچی تێناچێت، چونکە لیڤەرپوول خۆی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەستبەرداری دیان دەبوو.

ئەو سەرچاوانەی هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە دەڵێن، لیڤەرپوول زیاتر لە 45 ملیۆن یۆرۆ و ئەو یاریزانەی پێشکەشی ناپۆلی کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو گرێبەستە یەکلایی دەبێتەوە.