بۆرنمۆس بەنیازە لەسەر گۆڵێکی شیفیلد یونایتد سکاڵا تۆماربکات

رووداو - هەولێر 

یانەی بۆرنمۆس بە دووری نازانێت سکاڵای یاسایی تۆماربکات، سەبارەت بە هەژمارنەکردنی گۆڵێکی گرنگی شیفیلد یونایتد لەدژی ئاستۆن ڤێلا.

یانەی بۆرنمۆس لە پرێمەرلیگ دابەزی، چونکە بە کۆتاییهاتنی خولەکە ئاستۆن ڤێلا بە تەنیا خاڵێک لەپێشی بوو، کە بەهۆی ئەو خاڵەوە لەجیاتی بۆرنمۆس لە پرێمەرلیگدا مایەوە.

دوای دەستپێکردنەوەی پرێمەرلیگ، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەستابوو، لە یەکەم یارییدا ئاستۆن ڤێلا خاڵێکی گرنگی لە شیفیلد یونایتد وەرگرت، دوای ئەوەی ناوبژیوان و ڤاریش گۆڵێکی دروستیان بۆ شیفیلد یونایتد هەژمار نەکرد، کە گۆڵپارێزی ئاستۆن ڤێلا تۆپێکی گرتەوە، بەڵام بە تۆپەوە پاشەکشەی کرد بۆ نێو گۆڵی خۆی و تۆپەکە هێڵی گۆڵی بەرەو ژوورەوە تێپەڕاند.

لە دوای یارییەکە بەرپرسانی سیستمی هۆک ئای داوای لێبوردنیان کرد و رایانگەیاند کە سەرجەم ئەو کامێرایانەی زوومیان بۆ چاودێری هێڵی گۆڵ دانراوە، کە حەوت کامێرایە، بەربەست لەپێش بینینیان هەبووە، هەروەها گوتیان "دوای بەکارهێنانی سیستمەکە لە 9 هەزار یارییدا ئەوە جاری یەکەمە حاڵەتێکی وا سەیر رووبدات".

سەرچاوەکان دەڵێن یانەی بۆرنمۆس بیر لەوە دەکاتەوە سکاڵایەک لە دژی ئەو حاڵەتە تۆماربکات.

بەپێی یاسای سیستمی هۆک ئای، ناکرێت ئەنجامی یارییەک هەڵبوەشێنرێتەوە بەهۆی ئەوەی کە لەکارکەوتنێک لە سیستمەکەدا رووبدات یان ئەگەر هەر بڕیارێکی هەڵە بدرێت کە پەیوەندی بە سیستمەکەوە هەبێت.