رۆناڵدۆ سوورە لەسەر بردنەوەی مۆندیالی 2026
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی وەرزێکی نایاب لە تەمەنی 40 ساڵیدا پێشکێش بکات، لەپێناو هێنانەدی خەونە گەورەکەی، کە بردنەوەی مۆندیالی 2026ـە، کە بەدڵنیاییەوە دوا دەرفەتیەتی.
سەرچاوەکانی نزیک لە ئەستێرەی پۆرتوگالی باس لەوە دەکەن کە رۆناڵدۆ ئەمجارە بەخۆی سەرپەرشتی هەموو شتێک دەکات لە مێرکاتۆی یانەی نەسڕ بۆ ئەوەی وەرزێکی نایاب پیشکێش بکەن و بەباشترین شێوە بگەنە مۆندیالی 2026 و جامی جیهانی بەرزبکەنەوە، کە تاکە نازناو و گرنگترین نازناوە کە دۆن نەیبردووەتەوە.
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە مەرجی سەرەکی رۆناڵدۆ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ سەرپشککردنی بووە لە هێنان و فرۆشتنی یاریزانەکانی یانەکە و تەنانەت راهێنەر و بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەش، چونکە ئامانجی گەورەی ئەو مۆندیالە و دەیەوێت بە ئامادەکارییەکی باشەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەشداری لە مۆندیالی 2026ـدا بکات و چاوی لە بەرزکردنەوەی جامەکەیە.
نزیکەکانی کریس دەڵێن "ئامادەکاری بۆ جامی جیهانیی 2026 ئامانجە باڵاکەی دۆنە، هەر بۆیەش هەموو شتێک دەکات لەپێناو دروستکردنی تیپێکی بەهێز بۆ نەسڕ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئامادەبێت بۆ مۆندیال".
تەنانەت راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەماوەی داهاتوودا فڕۆکە تایبەتەکەی بەشێوەیەکی چڕوپڕ بۆ خزمەتی تیپی یەکەم بەکاردەهێنێت. ئەمەش هەنگاوێکی بێوێنەیە کە قەبارەی پابەندبوونی نائاسایی ئەو یاریزانە بەرامبەر بە یانەکەی و ئامانجە گەورەکەی نیشان دەدات.
ئەم هەنگاوە دوای درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ دێت تاوەکو ساڵی 2027 لەگەڵ بەدەستهێنانی پشکی خاوەندارێتی بەڕێژەی 15٪ لە یانەکەدا، کە وایلێدەکات ببێتە هاوبەشێکی کاریگەر لە بڕیارە ستراتیژییەکاندا.
یانەی نەسڕ خۆی بۆ وەرزێکی پڕ لە رکابەری ئامادە دەکات کە کێبڕکێکانی جامی سوپەری سعودی، خولی سعودیە، جامی شا و خولی پاڵەوانەکانی ئاسیای 2 لەخۆدەگرێت.
هەموو ئەم بایەخە زۆرەی رۆناڵدۆ تەنیا لە خواستی بۆ بەدەستهێنانی شکۆمەندی لەگەڵ نەسڕ سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەشێکە لە پلانێکی گەورەتر و خەونێکی مەزنتر، ئەویش گەیشتنە بە جامی جیهانیی 2026 بەباشترین دۆخی هونەری و جەستەییەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە لەو کاتەدا تەمەنی دەگاتە 41 ساڵ، باش تێدەگات کە رێگای گەیشتن بە مۆندیال بێگومان لە دەروازەی درەوشانەوەی لەگەڵ یانەکەیدا تێدەپەڕێت. وەرزێکی مێژوویی پڕ لە گۆڵ و نازناو لەگەڵ نەسڕ، بەهێزترین پەیامی ئەوە بۆ راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، کە دەیەوێت پێیبڵێت "هێشتا من ژمارە قورسەکەم و دەتوانم بۆ جاری شەشەم، لە دەستکەوتێکی بێوێنەدا سەرکردایەتی هێرشبەرانی وڵاتەکەم بکەم لە گەورەترین بۆنەی وەرزشیی جیهاندا".
بۆیە کریس هەر هەوڵێک دەیدات و هەر گۆڵێک تۆماری دەکات، تەنیا بۆ نەسڕ نییە، بەڵکو هەوڵێکی راستەوخۆیە بۆ هێنانەدی دواخەونی بۆ بەرزکردنەوەی گرانبەهاترین جام لە مێژووی وەرزشدا.