یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دەبات

رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێک لە گەورە یانەکانی پرێمەرلیگ ھەوڵی گواستنەوەی تێرشتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەدات لە میرکاتۆی زستانەدا.
 
لە کاتێکدا ترسی کارگێڕیی بارسێلۆنا لە دابەزینی ئەنجامەکانی یانەکە لەم وەرزەدا زیاتر دەبێت، یەکێک لە سەرکردەکانی بلاوگرانا داھاتوویەکی نادیاری لەگەڵ یانەکەدا ھەیە.
 
گۆڵپارێزی نێودەوڵەتی ئەڵمانی، مارک-ئاندرێ تێرشتیگن، ئێستا لە پلانی یانەکەدا نییە، دوای ئەوەی لە ھاوینی رابردوودا ناچاربوو نەشتەرگەری ئەنجام بدات، ئەمەش وایلێکرد چەند مانگی رابردوو لەسەر کورسی یەدەگ بەسەر ببات و بەشداری نەکات.
 
لەگەڵ بەردەوامبوونی نەبوونی تێرشتیگن و نادیاربوونی پێگەی لە پلانەکانی داھاتووی بارسێلۆنادا، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڵپارێزەکە لەوانەیە بەجددی بیری لە رۆیشتن لەماوەی گواستنەوەی زستانەی داھاتوودا کردبێتەوە و دەڵێن "تێرشتیگن بەدوای ھەلێکدا بۆ یارییکردن بەشێوەیەکی رێک و پێک لە نیوەی دووەمی وەرزەکەدا دەگەڕێت".
 
چێڵسی، تێرشتیگنی دەوێت
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی کردوونەتەوە، یانەی چێڵسی ئینگلیزی وەک یەکێک لە دیارترین ئەو یانانە دەرکەوتووە کە ئارەزووی گرێبەستکردن لەگەڵ تێرشتیگن دەکەن.
 
کارگێڕیی یانە لەندەنییەکە ھەوڵ دەدات گۆڵپارێزێکی بەئەزموونی نوێ بۆ ریزەکانی یانەکە زیاد بکات بۆ زیادکردنی کێبڕکێ و گوشار خستنە سەر ھەردوو گۆڵپارێز، رۆبێرت سانچێز و فیلیپ یۆرگنسن، بەتایبەتی بەهۆی ناجێگیری ئاستی ئەو دووانە لەم دواییانەدا.
شتیگن یەکێکە لە بژاردە نموونەییەکان بۆ چێڵسی، بەھۆی ئەو ئەزموونە فراوانەی کە لە بەرزترین ئاستەکانی تۆپی پێی جیھانیدا ھەیەتی.
 
گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکەی پێشووی یانەی بۆرووسیا میونشنگلادباخ زیاتر لە 400 یاریی فەرمی لەگەڵ بارسێلۆنا ئەنجام داوە و لەو ماوەیەدا چەندین نازناوی بردووەتەوە، بەتایبەتی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، ئەمەش وایلێدەکات ببێتە یەکێک لە گۆڵپارێزە ھەرە بە ئەزموون و بەتواناکانی ئەورووپا.
 
لەگەڵ ئەوەشدا تێرشتیگن تاکە ناو نییە لەسەر مێزی چێڵسی، بەڵکو یانە لەندەنییەکە ئارەزووی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ گۆڵپارێزی فەرەنسی یانەی میلانی ئیتاڵی، مایک ماینان نیشانداوە، کە ئەو گۆڵپارێزە لە ھاوینی رابردوودا نزیکبوو لە گواستنەوە بۆ چێڵسی، بەڵام گرێبەستەکە تەواو نەبوو، و لەوانەیە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داھاتوودا جارێکی دیکە بێتەوە پێشەوە.