راگەیێنراوێکی بەپەلە لە ڤینیسیۆسەوە
رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید راگەیێنراوێکی فەرمیی لەبارەی ئەو رووداوانەوە بڵاوکردەوە، کە لە یاریی کلاسیکۆدا روویاندا و داوای لێبوردن دەکات.
ڤینی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ئەمڕۆ، دەمەوێت داوای لێبوردن لە هەموو هاندەرانی ریال مەدرید بکەم، بەرامبەر ئەو کاردانەوەیەی بۆ گۆڕانکاریکردن پێم لە کلاسیکۆدا هەمبوو، ئەمڕۆ لە مەشقەکاندا بەشێوەیەکی کەسی داوای لێبوردم کرد، هەروەها دەمەوێت جارێکی دیکە داوای لێبوردن لە هاوڕێکانم لە یانەکە و سەرۆکی یانەکە بکەم."
یاریزانە بەرازیلییەکە زیاتر دەڵێت "هەندێکجار خولیای من و ئارەزووی بەردەوامم بۆ بردنەوە و یارمەتیدانی تیپەکەم بۆ ئەوەی باشتربم واملێدەکات، سرووشتی رکابەریم لە خۆشەویستیم بۆ ئەم یانەیە و هەموو ئەو شتانەی کە نوێنەرایەتی دەکات سەرچاوە دەگرێت، بەڵێن دەدەم هەموو ساتێک بەردەوام بم لە شەڕکردن لەپێناو ریال مەدرید، هەروەک چۆن لە سەرەتاوە کردوومە."
داوای لێبوردنەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر لە دوای رووداوەکانی یاریی کلاسیکۆ لە کاتێکدایە، میدیای ئیسپانی دەڵێت "ریال مەدرید پلانەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە بەرازیلییەکە نەگۆڕاوە، هێشتا یانەکە دەیەوێت ئەو یاریزانە ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە و گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ زۆرباش نییە."
ئەمڕۆ لە ڤالدێبێباس، ڤینیسیۆس جونیۆر کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەلۆنسۆ هەبووە، داوای لێبوردنەکەشی دوای ئەو کۆبوونەوەیە دێت.
رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی دەڵێت "ڤینی و ریال مەدرید لە گفتوگۆی بەردەوامدان، لەسەر هەنگاوەکانیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە و ریال مەدرید گەشبینە بەوەی دەتوانێت گرێبەستی یاریزانە بەرازیلییەکە تاوەکو هاوینی 2030 نوێبکاتەوە."