یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان پلەی ناوبژیوانان بەرزدەكاتەوە


رووداو – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و ئەندامانی كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی لە هەولێر ئەنجام دا و چەند بڕیار و راسپاردەیەكی كورتی راگەیاند، لەوانە ئەنجامدانی تاقیكردنەوە بۆ ناوبژیوانان و گۆڕانكاری لە پلەكانیان.

لەوبارەیەوە سەلام حوسێن سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ وەكو هەموو هەفتەیەك كۆبووینەوە و چەند بڕیارێكمان دا، لەوانە یاریزانانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كە هەر یانەیەك بۆی هەیە دوو یاریزانی هەبێت، لە هەر وەرزێكدا یەك جار گۆڕانكاری بە هەردوو یاریزان دەكرێت.

هەروەها گوتی: "بڕیارماندا تاقیكردنەوە بۆ سەرجەم ناوبژیوانانی كوردستان ئەنجامبدەین لە رۆژی شەممە 27-12-2014، كە تاقیكردنەوەی تیۆری و جەستەیی دەبێت و لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری ئەنجامدەدرێت، ئەو تاقیكردنەوەیەش دەبێتە بنەمایەك بۆ بەرزكردنەوەی پلەی ناوبژیوانان.

لە خولەكانی كوردستان زیاتری 90 ناوبژیوان لە پلە یەك و پلە دوودا هەن و یارییەكان بەڕێوەدەبەن، یەكێتیی تۆپی پێ لە رێگەی ئەو تاقیكردنەوەی دەیكات، پلەی ناوبژیوانانە سەركەوتووەكان بەرزدەكاتەوە.