ریال مەدرید لە کتێبێکدا چەندین نهێنیی یانەکە ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لە رێوڕەسمێکدا کتێبی "Corazon Blanco"ـی ناساند، ئەم بەرهەمە نوێیە وەک رێزلێنانێکە بۆ مێژوو و بەهاکانی یانەکە، ژمارەی کۆپییەکانی سنووردارە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناسراوی کتێب بەرهەمهێنراوە. کتێبەکە چەندین زانیاری و نامەی نهێنیی پێشتر نەبینراوی یانەکەی تێدا بڵاوکراوەتەوە.
رێوڕەسمی ناساندنی کتێبەکە لە شاری وەرزشیی ریال مەدرید بەڕێوەچوو، تێیدا فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە و بەرپرسانی گرووپی پلانێتا ئامادەبوون. کتێبەکە تەنیا 2998 دانەی لێ دروستکراوە بۆ هەموو جیهان و وەک ئەزموونێکی تایبەت بۆ هاندەرانی یانەکە ناودەبرێت.
دیزاینی بەرگی کتێبەکە لە شێوەی تەلارسازیی یاریگەی نوێی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دروستکراوە. هەر دانەیەکیش پلێتێکی تایبەتی لەسەرە دەتوانرێت ناوی کەسەکەی لەسەر بنووسرێت، ئەمەش وایکردووە هەر دانەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەبێت و جیاوازبێت.
کتێبەکە قەبارەی گەورەیە و لە 416 لاپەڕە پێکهاتووە. هاندەران دەتوانن لە رێگەی وێنە و بەڵگەنامە مێژووییەکانەوە، گەشتی رابردووی یانەکەیان بکەن و ساتە مێژووییەکانی یانەکە ببیننەوە. بەشێک لە بەڵگەنامەکان بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێنەوە و لە ئەرشیڤی تایبەتی یانەکە وەرگیراون، لەوانە نامەکەی شا ئەلفۆنسۆی سێزدەیەم، یەکەم گرێبەستی دی ستیڤانۆ، تێبینییەکەی بێرنابیۆ بۆ بەشداریکردن لە یەکەم خولی ئەورووپا و نامەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ رۆناڵدۆی بەرازیلی دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی.
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە، لەگەڵ هەر دانەیەکدا پارچەیەک لە پەرژینی یاریگەی کۆنی سانتیاگۆ بێرنابیۆ هەیە ژمارەی لەسەرە و لۆگۆی ریال مەدریدی لەسەر نەخشێنراوە، وەک شایەتێک بۆ دەستکەوتە مێژووییەکانی یانەکە.
ئەم بەرهەمە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی لە 27-11-2025ـەوە لە ماڵپەڕی تایبەت بە کتێبەکە بەردەستە. ئەندامانی یانەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ مافی پێشینەی کڕینیان هەیە و دواتر بۆ خاوەن کارتەکانی مەدریدیستا و ئینجا بۆ خەڵکی گشتی دەبێت.