جارێکی دیکە کۆمێنتارەکەی رووداو سپۆرتس یەکەمی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ

لاوین هابیل، کۆمێنتاری رووداو سپۆرتس لەسەر ئاستی عێراق جارێکی دیکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنایەوە، ئەوەش بەپێی راپرسییەک کە هەزاران دەنگدەر بەشدارییان تێدا کردووە.

ئاژانسی (ئەلیەوم)ـی عێراقی راپرسییەکی بۆ دەستنیشانکردنی باشترین کۆمێنتاری ساڵی 2025 ئەنجامدا و لاوین هابیل پلەی یەکەمی لە نێو هەموو عێراقدا بەدەستهێنا.
 
راپرسییەکە دوو هەفتە بەردەوام بوو، لاوین هابیل کە ساڵانێکی بەرچاوە کۆمێنتاری رووداو سپۆرتسە و بەزمانی عەرەبی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەگوازێتەوە و خاوەنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری بینەرە، پلەی یەکەمی لە راپرسییەکەدا بەدەستهێنا و بووە باشترین کۆمێنتاری ساڵ لەسەر ئاستی عێراق.
 
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە کە ئاژانسی (ئەلیەوم) خۆی بڵاویکردووەتەوە و دوو هەفتە دەنگدان تێیدا بەردەوام بووە، لاوین هابیل کۆی 53٪ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە کە بەرزترین رێژەی دەنگە و بەجیاوازییەکی یەکجار زۆر پێش نزیکترین رکابەرانی کەوتووە.
 
لە راپرسییەکەدا چەندین کۆمێنتاری بەناوبانگ و ناسراو لە سەرانسەری عێراقدا دەستنیشانکرابوون و لاوین کە تاکە کۆمێنتاری کوردی بەشداربووی راپرسییەکە بوو، بووە پێشەنگی هەمووان.
 
دوای دەستنیشانکردنی وەک باشترینی عێراق، لاوین هابیل گوتی: "شانازییەکی گەورەیە لەسەر ئاستی هەموو عێراق بوومە یەکەم و شتێکی زۆر گەورەیە وەکو کۆمێنتارێکی کورد و لە کەناڵێکی کوردی کە تۆڕی میدیایی رووداوە ببمە یەکەم".
 
بڕیارە لە ماوەی نزیکی داهاتوودا، ئاژانسەکە رێوڕەسمێک بۆ خەڵاتکردنی باشترینەکانی عێراق رێکبخات و لاوین هابیل وەک باشترین کۆمێنتاری ساڵ خەڵاتەکەی وەربگرێت.
 
لاوین هابیل لەسەر ئاستی عێراق بینەرێکی بێشوماری هەیە و بەکۆمێنتارییەکی رەوان و پڕ زانیاری و نزیک لە بینەر، توانیویەتی گۆڕەپانی کۆمێنتارانی عێراق کۆنترۆڵ بکات. پێشتر لاوین لەسەر ئاستی عێراق، خەڵاتی باشترین کۆمێنتاری لە راپرسییەکی دیکەی ئاژانسی 'راسد'ی عێراقیدا بەدەستهێنابوو.