یانەی زاخۆ بۆ بردنەوە لە زەورا چووەتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ بە ئامانجی بردنەوەیەکی دیکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵ، لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر یانەی زەورا یارییدەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی یازدەی خولی عێراقدا، کاژێر 16:15 یانەی زاخۆ لەسەر یاریگەی شەعب دەبێتە میوانی یانەی زەورا، زاخۆییەکان دوو رۆژ لەمەوبەر چوونەتە بەغدا و ئامادەکارییەکی باشیانکردووە، بۆ ئەوەی بەرامبەر یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی عێراق ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن.
تەها زاخۆیی، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ لەلێدوانێکدا بە لاپەرەی فەرمیی یانەکەی گوت، ئامادەکارییەکی باشیان بۆ ئەو یارییە کردووە و ئامانجیان بردنەوەیە لە یارییەکەدا، هەر بۆ ئەوەش چوونەتە بەغدا.
لەلایەن خۆیەوە زیاد ئەحمەد، هێرشبەری یانەی زاخۆ دەڵێت، سەرەرای هەندێک پێکان لە ریزەکانی یانەکەدا، بەڵام ئەوان بەتەواوی ئامادەن و یاریزانەکان بە ورە بەرزییەوە چاوەڕێی ئەنجامدانی ئەم یارییە دەکەن.
لە 2011ـەوە یانەی زاخۆ تاوەکو ئێستا 11 یاریی بەرامبەر یانەی زەورا کردووە، تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە ئەویش هەر لەو ساڵەدا بوو، بەڵام لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، ئەمڕۆ زاخۆییەکان دەیانەوێت گرێی بەرامبەر یانەکەی بەغدا بکەنەوە و بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێنەوە.
زاخۆ لە کۆی 10 یاریی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی عێراق، سێ بردنەوە، پێنج یەکسانبوون و دوو دۆڕانی هەیە و بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
یانەی زەورا تاکە یانەیە لەم وەرزەی خولەکەدا نەدۆڕاوە، 3 بردنەوە و 7 یەکسانبوونی لە 10 یارییدا هەیە و بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ، پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.