کاردانەوەی یانەکان لەسەر شێوازی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ نوێنەری یانە بەشدارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە شاری بەغدا کۆبووەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووس و شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولەکە، هەمووان کۆک بوون لەسەر تەواوکردنی یارییەکانی خولەکە وەک خۆی و تەنیا یارییەکان کاتەکانیان نزیک بن لە یەکدی.
 
لە کۆبوونەوەکەدا عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و بەشێک لە ئەندامانی یەکێتییەکە لەگەڵ نوێنەری هەژدە یانە بەشداربوون.
 
 لە وەرزی ئەمساڵدا، بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق و خەونی گەیشتن بە مۆندیال، یارییەکانی خولەکانی ناوخۆ زۆر دەوەستن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەو کۆبوونەوەیەدا دوو پێشنیاز خرانەڕوو کە ئەمانەی خوارەوەن. 
 
یارییەکانی خول بەشێوازێک بەڕێوەبچن کە سێ رۆژ جارێک گەڕێک بڕوات، واتا هەموو هەفتەیەک دوو یاری ئەنجامبدرێت و رێگە بە یانەکان بدرێت لیستی یاریزانانیان بۆ 30 یاریزان زیاد بکەن، یانەکان بۆیان هەیە دوو یاریزانی دیکەی پیشەگەر و گۆڵپارێزی پیشەگەریش بهێننە ریزەکانیان. 
 
پێشنیازی دووەم دابەشکردنی یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا، یەکەمی هەر کۆمەڵەیەک بەشداری پاڵەوانێتی دەرەوە دەکات، تیپی پلە دەیەم دادەبەزێت، هەروەها یاریی پلەی ئۆفی دابەزین لە نێوان تیپەکانی پلەی نۆیەمدا بەڕێوەدەچێت.
 
دوای گفتوگۆیەکی زۆر لە کۆی 18 یانە نوێنەری یازدە یانە رازیبوون لەسەر ئەوەی خولەکە بەشێوازی سێ رۆژ جارێک بەڕێوەبچێت و نەکرێتە دوو کۆمەڵە، بەمەرجێک رەچاوی دۆخی یانەکانی هەرێمی کوردستان و باشوور بکرێت کە رۆژەکانیان زیاتر بن لەپێناو پشوودان و رەچاوی هاتوچۆیان لەنێوان شارەکاندا.
 
فەلاح موسەوی، سەرۆکی یانەی ئەمانە بەغدا، لەو بارەیەوە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە دەنگماندا بەوەی کە خولەکە وەک خۆی بەڕێوەبچێت، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری تیپەکان لەوانەیە لە قۆناخی سەرەتا باش نەبن، بەڵام لە قۆناخی دووەم باش بن و بتوانن ئەنجامەکانیان راست بکەنەوە و بگەنەوە پلەکانی سەرەوەی ریزبەندی، داواشمانکرد کە رەچاوی دۆخی دووری شارەکانی هەرێمی کوردستان و باشوور بکرێت، یارییەکانیان زیاتر لە سێ رۆژ بێت". 
 
چاوەڕواندەکرێت یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیار لەسەر پێشنیازی یەکەم بدات کە یارییەکان سێ رۆژ جارێک بەڕێوەبچن. 
 
ئێستا دوای تەواوبوونی یارییەکانی هەشت گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر بەبێ دۆڕاندنی هیچ یارییەک بەکۆکردنەوەی 20 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە.