چیرۆکی سەرکەوتن.. ئەو یاریزانەی بە یەک چاوەوە یاریی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکێکی جوان و سەرنجڕاکێش لە جامی ئەفریقا، هەمووان سەرسام دەکات و کاردانەوەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.
 
جۆرجی مینۆنگۆ، تەمەنی 23 ساڵە، هێرشبەری هەڵبژاردەی بۆرکینا فاسۆ و یانەی سیاتڵ ساوندەرزی ئەمریکییە، خۆی خەڵکی کۆتدیڤوارە، بەڵام بۆ بۆرکینا یاریی دەکات.
 
چیرۆکەکەی بەمشێوەیەیە، لە بەهاری 2023 لە کەمپێکی مەشقەکانی یانەی سیاتڵ ساوندەرز، لە شاری ماربیای ئیسپانیا، یاریزانەکە تووشی هەوکردنێکی زۆر دەبێت لە چاوی چەپیدا، سەرەتا وەکو شتێکی سەرەتایی سەیری دەکات، بەڵام وردە وردە گەشە دەکات و گەورەتر دەبێت.
 
مینۆنگۆ لەو بارەیەوە دەڵێت "سەرەتا پێش چاوم رەش بوو، دوای ئەوە سوور بوو پاشان دوای هەفتەیەک بەتەواوی سپی بووەوە"، سەرەڕای ئەوەی نەشتەرگەرییەکی خێرای بۆ کرا، بەڵام پزیشکەکان بە یاریزانەکەیان گوتووە، دەمارەکانی بینین لە چاوی چەپیدا بەتەواوی مردوون و بەو هۆیەوە بۆ هەمیشە ناتوانێت بەو چاوەی ببینێت."

 
ئەو کاتەی ئەو رووداوە روویدا، یاریزانەکە تەمەنی 21 ساڵ بوو، هەرچەند وا لێکدرایەوە کە ئەو یاریزانە جارێکی دیکە یاریی نەکاتەوە، لەکاتێکدا پزیشکەکان پێشنیازیان بۆ کردبوو بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، بەڵام یاریزانەکە ئەمەی رەتکردەوە، بەتایبەت کە ئەو کاتە نزیکبوو بانگهێشتی تیپی یەکەمی سیاتڵ بکرێت.


جۆرجی خۆی بەدەستەوە نەدا و متمانەی تەواوی بەوە هەبوو کە دەتوانێت بەردەوامبێت، ئەو بڕیاریدا پشت بە هەستەکانی ببەستێت و وازهێنانی رەتکردەوە، بەمەش لە هاوینی 2025 یەکەم گۆڵی بۆ سیاتڵ ساوندەرز تۆمارکرد، دوای ئەوەش 6 یاریی بۆ هەڵبژاردەی بۆرکینا فاسۆ ئەنجامدا و 3 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەیدا لە جامی ئەفریقا کە ئێستا لە مەغریب بەڕێوەدەچێت، جۆرجی مینۆنگۆ گۆڵی تۆمارکرد و هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ یەکەم بردنەوە، بەو گۆڵە چیرۆکەکەی زیاتر بە دونیادا بڵاوبووەوە.