ریال مەدرید بڕیارە گرنگەکەی دا و 3 ئەستێرە دەگوازێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەچێتە قۆناخی یەکلاکەرەوەی پلاندانان بۆ بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو، کە تێیدا کارگێڕیی یانە شاهانەکە نەخشەڕێگایەکی روونی داناوە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپی یەکەم.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، یانەی مێرێنگی بەوردی پێویستییەکانی خۆی دیاریکردووە و ئامانجیەتی لانیکەم 3 گرێبەستی گەورە واژۆ بکات بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو هێڵانەی لەم وەرزەدا بەدەست کەمیی یاریزان و کێشەی تەکنیکییەوە ناڵاندوویانە.
جموجۆڵی مەدرید بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان
کارەکان لە نووسینگە تەکنیکییەکانی یانە شاهانەکەدا بۆ مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوو دەستیپێکردووە. ئەمجارەیان ریال مەدرید بەشێوەیەکی جیاواز ئامانجەکانی دیاریکردووە؛ تیشک دەخاتە سەر دوو پێگەی سەرەکی، کە ئەوانیش 'دڵی بەرگری' و 'یاریزانی ناوەندی رێکخەر'ن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە یانەکە دەستنیشانی ئەو خاڵە لاوازانەی کردووە کە لە پێکهاتەکەدا دەرکەوتوون.
ریال مەدرید لە وەرزی رابردوودا سەرکەوتوو بوو لە دەستنیشانکردنی کەلێنەکانی بەرگری، کە بووە هۆی گرێبەستکردن لەگەڵ ترێنت ئەلیکساندەر ئارنۆڵد بۆ باڵی راست، ئەلڤارۆ کارێراس بۆ باڵی چەپ، و دین هاوسن بۆ دڵی بەرگری. هەروەها فرانکۆ ماستانتونۆ وەک گرێبەستێکی ستراتیژی بۆ رێگەگرتن لە پاریس سانجێرمان گواسترایەوە، بەڵام ئامانجەکانی ئێستا زیاتر سەرنج دەخەنە سەر پێویستییە هونەرییە راستەوخۆکان.
نیکۆ پاز.. گەڕانەوە بۆ ماڵە سپییەکە
یەکەم هەنگاوی بەهێزکردنی تیپەکە لە خولی ئیتاڵیاوە ، بەگەڕاندنەوەی نیکۆ پازی ئەستێرە لاوە ئەرجەنتینییەکە دەستپێدەکات،کە دوو وەرز پێش ئێستا سانتیاگۆ بێرنابیۆی جێهێشت.
پاز لەژێر سەرپەرشتی سێسک فابریگاس لە یانەی کۆمۆ ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و ئێستا زۆر نزیکە لە گەڕانەوە بۆ ماڵە کۆنەکەی.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ریال مەدرید ئامادەیە مەرجی کڕینەوەی بەبڕی 9 ملیۆن یۆرۆ کارا بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەم یاریزانە.
شۆڕش لە بەرگری و دوورخستنەوەی ناوی گەورە
جگە لە گرێبەستی نیکۆ پاز، دڵی بەرگری خەمی سەرەکی کارگێڕییە. لەگەڵ رۆیشتنی چاوەڕوانکراوی دەیڤید ئالابا، و ئەو گومانانەی لەسەر بەردەوامبوونی رودیگێر هەن، لەگەڵ ناجێگیریی ئاستی میلیتاو بەهۆی پێکانە دووبارەبووەکان، ریال مەدرید خۆی بە ناچار دەبینێت بەرگریکارێکی سوپەر بگوازێتەوە کە راستەوخۆ بەشداری لە پێکهاتەی سەرەکیدا بکات.
سەبارەت بە ناوە پێشنیازکراوەکان، یانەکە بەفەرمی بژاردەی گرێبەستکردن لەگەڵ ئیبراهیما کۆناتێی بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول و ئۆپامیکانۆی بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی رەتکردووەتەوە. لە بەرامبەردا ناوی وەک مارک گویهی لە کریستاڵ پاڵاس، جێرمی جێکێت لە رێنی فەرەنسی و شلۆتێربێکی ەبرگریکاری بۆرووسیا دۆرتموند لەسەر مێزەکەن.
گەڕان بەدوای ماسترۆیەکی نوێدا
لە هێڵی ناوەڕاستدا، پێویستە کارگێڕیی یانەکە داواکارییەکانی راهێنەر جێبەجێ بکات بەدابینکردنی یاریزانێکی 'رێکخەری یاری' کە بتوانێت ریتمی یارییەکە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمەش ئەو دۆسێیەیە کە پێشتر چابی ئەلۆنسۆ داوای کردبوو. ئەم پێگەیە دوای وازهێنانی تۆنی کرووس و کەمبوونەوەی رۆڵی لوکا مۆدریچ، بۆشاییەکی گەورەی تێدا دروستبووە.
ئێستا ناوی وەک ئادەم وارتۆن لە کریستاڵ پاڵاس و کیس سمیت لە یانەی ئەلکماری هۆڵەندی جارێکی دیکە هاتوونەتەوە پێشەوە، کە مێرێنگی لە نزیکەوە چاودێرییان دەکات، هەرچەندە دەزانێت گواستنەوەی هەر یەکێکیان تێچوویەکی دارایی زۆری دەوێت.