بریجێت باردۆ، ئەو خانمەی سەرنجی جیهانی لە پێلێ دزی
رووداو دیجیتاڵ
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، هیچ کەسێک هێندەی بریجیت باردۆی خانمی جوانکیلەی فەرەنسی، نەیتوانی سەرنجی جیهان لە پێلێی ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل بدزێت.
باردۆ، سەرنجی میدیا، رۆژنامەنووسان و ئامادەبووانی نێو یاریگەی بۆخۆی برد، لە کاتێکدا پێلێی خاوەن سێ نازناوی مۆندیال هاتبووە فەرەنسا.
چیرۆکەکە ساڵی 1971 روویدا، لە کاتێکدا پێلێ ئەفسانەی بەرازیل، لە هەموو جیهاندا جێگەی گەورەترین سەرنج بوو، پاشئەوەی لە سێ مۆندیالدا، بەرازیلی کردە پاڵەوان.
بریجیت باردۆ، بەناوبانگترین خانمە ئەکتەری فەرەنسی، ئەمڕۆ لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، لە دوای خۆی، سەدان کاری هونەری و سینەمایی نەمر و دەیان خەڵاتی جیاوازی بەجێهێشت پاش 21 ساڵ دەرکەوتن وەک ئەکتەر، بەرلەوەی لە ساڵی 1973 دا، ببێتە چالاکوان.
ئەو ساتەی باردۆ، سەرنجی میدیا و هاندەرانی لە یاریگەدا لە پێلێ دزی، ساڵی 1971 بوو. کاتێک سانتۆسی بەرازیلی، بەپێشەوایەتیی پێلێ، روویکردە یاریگەی کۆڵۆمبۆسی ئەوکات، 'پارک دو فرانس'ی ئێستا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.
پێلێ و سانتۆس یارییەکی دۆستانەی خێرخوازییان بەرامبەر تیپێکی تێکەڵی هەردوو یانەی سانت ئیتیان و مارسیلیا ئەنجامدا. یارییەکە بۆ پشتگیریی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون.
باردۆ چووە نێو یاریگەوە و لێدانی یەکەمی یارییەکەی جێبەجێکرد، لەکاتێکدا پێلێ لەنێو یاریگەدا بوو، بەڵام ئەو ئەفسانە بەرازیلییە، بەهۆی سەرنجی میدیاکان و هاندەران لەسەر باردۆ، لەبیری ئامادەبووان چووەوە.
وێنەگرەکان بەدرێژایی بوونی بریجیت باردۆ لە یاریگەدا، سەرنجیان لەسەر ئەو خانمە بوو و لەبیریان چووەوە کە مەزنترین ئەفسانەی ئەوکاتەی تۆپی پێ لە یاریگەیە.
باردۆ بەلێدانێک سەنتەری یارییەکەی شکاند، بۆ بەدبەختی یان خۆشبەختیی یەکێک لە وێنەگرەکانی نێو یاریگە، ئەو تۆپەی بریجیت لێیدا، بەر رووخساری وێنەگرێک کەوت و پێلێ لەو کاتەدا دەستی بەپێکەنینێکی قووڵ کرد. خانمە ئەکتەرە فەرەنسییەکە گوتی، پێلێ کەسێکی زۆرباشبوو، ئەو لە دوای رووداوەکە زۆر بەتووندی پێکەنی، وایکرد منیش بەردەوام پێبکەنم.
بریجیت باردۆ، دوای رووداوەکە، لەنێو لێشاوی رۆژنامەنووس و وێنەگراندا یاریگەی بەجێهێشت و دواتر گوتی، حەزم لە تەماشاکردنی تۆپی پێیە، بەڵام بەتەنیا لە تەلەڤیزیۆنەوە، هەرچی پێلێیە، ئەو یاریزانێکی ناوازەیە.
پێلێ ساڵی 2022 کۆچی دواییکرد، لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە فەرەنسا، کۆچی دوایی باردۆ راگەیێنرا.