چەند پەیامێک لە ئەنچێلۆتییەوە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید چەند پەیامێکی ئاراستەی هاندەرانی یانەی ریال مەدرید کرد، دوای ئەوەی شەوی یەکشەممە لە یاریگەی خۆیاندا بەرامبەر ریال سۆسیداد یەکسانبوون و دوو خاڵیان لەدەستدا.
 
دوای یارییەکە کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی " رازیم لە ئاستی تیپەکەم، بەڵام بەداخەوە یەکسانبووین، ئێمە یارییەکی زۆرباشمان ئەنجامدا و شایستەی بردنەوە بووین. یارییەکی تەواومان کرد و ئەمە یەکێک لە باشترین یارییەکانی ئێمە بوو لەم وەرزەدا، بەڵام بەخت یاوەرمان نەبوو، تیپەکە گەشەدەکات و بەرەوپێشتر دەڕوات."
 
راهێنەری ریال مەدرید بە رۆژنامەڤانانی گوت " ئێمە بە تۆپەوە و بەبێ تۆپیش ئاستێکی زۆرباشمان هەبوو، بەڵام هەلی گۆڵکردنمان لەدەستدا لەکاتێکدا نزیکبووین گۆڵ بکەین، ئێمە 90 خولەک بە متمانەی زۆرەوە یاریمانکرد، ریال سۆسیداد بەشێوازی هەمیشەیی خۆی یاریی نەکرد، چونکە ئێمە لە پێشەوە بە گوشارەوە یاریمان دەکرد."
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی پەیامێکی ئاراستەی هاندەرانی ریال مەدرید کرد و گوتی " بۆ بردنەوەی نازناوی لالیگا، بەلای منەوە زۆر زووە قسەبکەین، لە مانگی داهاتووەوە تیپەکە دەتوانێت رکابەری بکات و متمانەی زۆرم بە یاریزانەکان هەیە."
 
راهێنەری یانەی شاهانە هێشتا قسەیکرد و گوتی " ئێستا ئێمە 5 خاڵ لە پێشەنگەوە دوورین، پێویستە لەسەرمان تاوەکو کۆتایی بەردەوامبین لە کارکردن و تێکۆشان."
 
لەبارەی گواستنەوەی یاریزانانەوە راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت " ماوەی گواستنەوەی زستانە بۆ ریال مەدرید کۆتاییهاتووە، چ لە رووی گواستنەوەی یاریزانانەوە بێت، یانیش ئەو یاریزانانەی دەستبەرداریان دەبین."
 
ئەنچێلۆتی گوتی " زۆر زەحمەتبوو لە یارییەکەدا گۆڕانکاری بکەم، چونکە بەراستی هیچ یەکێک لە یاریزانەکان شایستەی ئەوە نەبوون کە دەریانبهێنم، سێبایۆس و ڤالڤێردی بەشێوەیەکی زۆرباش یارییانکرد، بەڵام ویستم ئاسێنسیۆ بخەمە سندووقەوە لە تەنیشت رۆدریگۆوە."
 
ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ریال مەدرید سۆسیداد یەکسانبوو و بووە خاوەنی 42 خاڵ، بەمەش یانەکە 5 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەند دوورە، ریال سۆسیدادیش لە پلەی سێیەمە بە 39 خاڵ.