ڤیدیۆ؛ ئەمشەو دێرکلاسیکێرە

رووداو دیجیتاڵ

 

لەوانەیە لە مێژووی بۆندێسلیگادا زۆر کەم روویدابێت، کاتێک دێرکلاسیکێر بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتمۆند کۆدەکاتەوە، ئەو دوو تیپە زەبەلاحە هەریەکەیان نزیکەی دە خاڵ لە پێشەنگی خولەکەوە دووربێت.
 
دێر کلاسیکێری قۆناخی دووەمی بۆندێلسیگا، بەبڕوای هەندێک هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێستای خولی ئەڵمانیدا دروستناکات و بەبۆچوونی هەندێکی دیکەش، دەکرێ هەموو شت یەکلابکاتەوە.
 
بەر لە یارییەکە، بایرن میونشن بە جیاوازیی دە خاڵ لە دوای بایرلیڤەرکوزنی پێشەنگی خولەکەیەوە، لە کاتێکدا بۆرووسیا دۆرتمۆند بیست خاڵی رێک لێیەوە دوورە. زۆری و فراوانی جیاوازیی ژمارەی خاڵەکان، وایکردووە هەندێکجار یارییەکە بەبێبایەخترین دێر کلاسیکێر ناوببرێت، چونکە ئیدی هیچ تیپێک ناتوانی دەرچوونە ناوازەکەی لیڤەرکوزن بەرەو نازناوەکە رابگرێت.
 
ئەوبۆچوونەی پێیوایە یارییەکە زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، پشتبەوە دەبەستێت کە دێرکلاسیکێر ئەگەر لە بەرژەوەندی دۆرتمۆند کۆتایی بێت، ئیدی شتێک بەناوی رکابەریی لەسەر نازناوی ئەمساڵی بۆندێسلیگا نامێنێتەوە و ئەوە کۆتایی رکابەرییەکانی ئەمساڵ دەبێت، هەربۆیە یارییەکە زۆر گرنگە.
 
رێکەوتێکی سەیرە کاتێک مێژوو دەڵێ یەکەمجارە لە 14 ساڵی رابردوودا و لە وەرزی 2009 - 2010ەوە بایرن و دۆرتمۆند لە قۆناخی دووەمی وەرزدا بەیەکدەگەن و هیچکامیان لە پێشەنگ نین، ئەوکاتیش لیڤەرکوزن پێشەنگی ریزبەندییەکە بوو.
 
بایرن و دۆرتمۆند وەرزی رابردوو تاوەکو دوا خولەکەکانی وەرزەکە لە رکابەریدابوون لەسەر نازناوەکە، کەچی ئەمساڵ هەردووکیان زۆر دراماتیکییانە هەرزوو چوونە دەرەوەی ململانێیەکە.
 
ئەگەر کێشە نێوخۆییەکانی هەردوو تیپ و ناکۆکی لەگەڵ راهێنەر و پێکانی یاریزانان هۆکار بووبێت بۆ دوورکەوتنەوەی هەردوو یانە لە رکابەریی لەسەر خولەکە، لە هەمانکاتدا، درەوشانەوەی لیڤەرکوزن و دۆزینەوەی رێگەی راستی سەرکەوتن و کارە ناوازەکانی چابی ئەلۆنسۆ لەگەڵ تیپەکەدا، وایکردووە ئێستا ئەو یانەیە لە پێشەنگ بێت و ئەمشەو چەندە بردنەوەی خۆی لە هۆفێنهایم بۆی گرنگە، ئەوەندەش کەوتنێکی دیکەی بایرن یان لانیکەم لەدەستدانی دووخاڵی دیکە، دڵنیای دەکاتەوە لەوەی، ئیدی چەند هەفتەیەکی کەمە و ئەو دەگەڕێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکە.
 
بایرن لە یاریگەی خۆیدا بردنەوەی دێر کلاسیکێری بۆ گرنگە لەپێناو زیندووهێشتنەوە وەرزەکەی بۆندێسلیگا و بەردەوامبوونی رکابەریی، بەڵام دۆرتمۆند کە ساڵانێکی زۆرە و لە 2018ەوە لە بایرنی نەبردووەتەوە، پێویستی بەبردنەوەیەکی مانەوی هەیە، بەڵام ئەو تیپە بەر لە یارییەکە بەشێکی دیکەی هێزی بەپێکرانی هەریەکە لە گریگۆری کوبێلی گۆڵپارێز و دۆلین مالینی گۆڵکەری لەدەستداوە و پێناچێ دێرکلاسیکێری ئەمشەو، لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی چەند ساڵی نزیکی رابردوو، شتێکی دیکەی زیادەی پێبێت.