رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کۆسۆڤۆ پاداشتێکی گەورە دەداتە یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەگەر لە تورکیا ببەنەوە و بگەنە مۆندیالی 2026.
رۆژی سێشەممە لە دوایین یاریی پاشکۆی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆ لە یارییەکی مێژووییدا میوانداریی تورکیا دەکات و یارییەکە لە یاریگە پریستینا بەڕێوەدەچێت.
حکومەتی وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی ئالبین کۆرت بڕیارییداوە هەر یاریزانێک بە 1.08 ملیۆن یۆرۆ پاداشت بکات، ئەگەر یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی تورکیا بردەوە و گەیشتنە مۆندیال.
کۆسۆڤۆ بەبردنەوەی لە سلۆڤاکیا بە 4-3 خۆی گەیاندە دوایین یاریی پاشکۆی گەیشتن بە مۆندیال، دوای ئەو یارییە هیکۆران موراتی، وەزیری دارایی وڵاتەکە لە رێگەی فەیسبووکەوە رایگەیاند 500 هەزار یۆرۆ وەکو پاداشت دەداتە هەڵبژاردەی وڵاتەکە.
کۆسۆڤۆ هەرگیز بەشداریی لە مۆندیالدا نەکردووە، تیپەکە لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی بۆ جاری یەکەم بەشداری لە گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێدا بکات، بۆ ئەوەش دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت و کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی بۆ گەیشتن بە خەونەکەیان بۆ یارییکردن لە مۆندیالدا بهێنێت.
لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەی شەوی سێشەممە، پاداشتەکانی هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆ دەگەنە زیاتر لە 1.5 ملیۆن یۆرۆ، بەمشێوەیە هەر یاریزانێک، راهێنەر و دەستەی هاندەران نزیکەی 40 بۆ 50 هەزار یۆرۆیان وەکو پاداشت دەستدەکەوێت.
کۆسۆڤۆ لە 2008 سەربەخۆیی لە سێربیا وەرگرت، زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە رەچەڵەک ئەلبانین و بەپێی دوایین راپرسییەکان ژمارەی دانیشتووانی 1.6 ملیۆن کەسە، ساڵی 2016 بووە ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا.
هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆ لە ئەگەری سەرکەوتنی بۆ مۆندیال، دەچێتە کۆمەڵەی چوارەم و بەرامبەر ئەمریکا، پاراگوای و ئوسترالیا یاریی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ