مێرخاس دۆسکی: تەنیا 90 خولەکمان ماوە و دەبێت رکابەرەکانمان لە عێراق بترسن

 

رووداو دیجیتاڵ

مێرخاس دۆسکی، ئەستێرەی کوردی هەڵبژادەی عێراق دەڵێت "ئامادەکاریی باشمان بۆ یاریی بەرامبەر بۆلیڤیا کردووە و سەرکەوتن زۆر شت لە وڵاتەکەدا دەگۆڕێت."
 
مێرخاس دۆسکی، لە مەکسیک لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق خۆی بۆ یاریی لووتکەی بەرامبەر بۆلیڤیا ئامادەدەکات، کە رۆژی چوارشەممە کاژێر 06:00ـی بەرەبەیان یارییەکە بەڕێوەدەچێت و ئەو هەڵبژاردەیەی بیباتەوە دەبێتە دوایین هەڵبژاردە بگاتە مۆندیالی 2026.
 
بەر لەو یارییە گرنگە دۆسکی قسەی بۆ ماڵپەری فیفا کردووە و لەبارەی خەونی 40 ساڵەی عێراقییەکانەوە دەڵێت "گەلی عێراق خولیایەکی شێتانەی بۆ تۆپی پێ هەیە، چوار دەیەیە چاوەڕێی ئەم ساتە دەکات، دوایینجار لە 1986 لە مۆندیالدا بینراوە، ئەو کاتە ئەحمەد رازی و حوسێن سەعید یارییان دەکرد. 40 ساڵە عێراق بەشداریی لە مۆندیالدا نەکردووە، سەرکەوتن زۆر شت دەگۆڕێت، وڵاتەکەمان بە زۆر ناخۆشیدا تێپەڕیوە، ئێستا دەبینیت خەڵک چەند بەپەرۆشن."
 
بەرگریکارەکەی هەڵبژاردەی عێراق گوتی "میدیاکان وێنەیەکی هەڵەیان لەسەر عێراق کێشاوە، چونکە عێراق وڵاتێکی جوانە و سەرقاڵی ئاوەدانکردنەوەیە. خەڵکێکی زۆر میواندۆست و بەخشندەی هەیە، دەمانەوێت پێشانی بدەین کە عێراق گەڕاوەتەوە بۆ شانۆ گەورەکە و ناوی خۆمان لە مێژووی وڵاتەکەدا بنووسینەوە."
 
مێرخاس دۆسکی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەمیر عەماری، یاریزانی هەڵبژاردەکە هەیە و زۆرینەی کاتەکان بەیەکەوە، پەیوەندییەکەیان زۆر لە ئەرکی نیشتمانی قووڵترە، بە جۆرێک دۆسکی دوو ساڵ لە عەماری بچووکترە، بەڵام عەماری ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و مێرخاسیش بەشداریی لە ئاهەنگەکەیدا کردووە. ئەو دوانەیە لە کەمپەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا لە یەک ژووردا دەمێننەوە، پێشتر عەماری بە ماڵپەری فیفای گوتبوو "ژوورەکەی ئەوان پاکترین ژوورە، بۆیە جێگەی سەرسوڕمان بوو کاتێک عەماری لە کاتی هەڤپەیڤینەکەی مێرخاسدا گەڕایەوە و ژوورەکەی بە شێواوی بینی."
 
عەماری بە گاڵتەوە گوتی "نازانم لەم ژوورەدا چیت کردووە، بەڵام پێویستمان بە پاککردنەوەیە. ئێستا زۆر شێواوە، دڵنیا نیم ماناى پاکوخاوێنی لای تۆ چییە!". دۆسکی دەستبەجێ وەڵامی دایەوە: "نەخێر، ژوورەکە پاکە! کەلوپەلەکانمان هەمیشە لە شوێنی خۆیانن و ئەمە بۆ ئێمە گرنگە. من ناچمە ژووری کەسانی دیکە، بەڵام دەڵێم ژوورەکەی ئێمە بە دڵنیاییەوە پاکترینە".
 
مێرخاس دۆسکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "دوێنێ لەگەڵ ئەمیر قسەم دەکرد، باسمان لەوە کرد کە 20 یاریمان ئەنجامداوە، ئەم گەشتەمان لە ساڵی 2023ـەوە دەستپێکردووە. درێژ بوو، بەڵام بە زۆر شتدا تێپەڕین و ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەهێزتری کردین. فێری ئەوە بووین چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە سەختەکاندا بکەین."
 
دۆسکی زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "گوێمان بەوە نەدەدا رووبەڕووی بۆلیڤیا دەبینەوە یان سورینام. بیرکردنەوەمان لای خۆمان بوو، من هیچ نیگەران نیم، تەنیا 90 خولەکمان ماوە، ئەوانەی لەولای یاریگەن دەبێت لە ئێمە بترسن، نەک ئێمە لە ئەوان."
 
مێرخاس دۆسکی بە خۆشەویستیی تۆپی پێوە گەورە بووە، ئەو کوڕی دایک و باوکێکە کە خەڵکی زاخۆن لە هەرێمی کوردستان، هاندەرانی یانەی زاخۆ ساڵی رابردوو خەڵاتی فیفایان بۆ هاندەران بەدەستهێنا. ئەم یاریزانە کە دەتوانێت لە چەندین شوێنی جیاواز یاریی بکات، تەنیا یەک هەنگاوی ماوە بۆ هێنانەدی خەونی منداڵی. ئەگەر عێراق لە بۆلیڤیا بباتەوە، دەچێتە کۆمەڵەی نۆیەم و بەرامبەر فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال یاریی دەکات.
 
دۆسکی لە کۆتایی گوتی "ئەمە خەونی هەر منداڵێکە کە لە شەقامەکاندا یاریی کردبێت، ئێستا تەنیا دەمەوێت هەموو توانای خۆم بەکاربهێنم بۆ دڵخۆشکردنی خێزانەکەم و گەلی عێراق. رۆژی سێشەممە درێسەکە دەپۆشم و لەپێناو 46 ملیۆن عێراقی یاریی دەکەم."