هەواڵێکی ناخۆش لەبارەی کۆرتواوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیبۆ کۆرتوا پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی قۆناخێکی سەخت بەڕێدەکات و هەواڵی ناخۆش دەربارەی دۆخی پێکانەکەی ئەو گۆڵپارێزە هەیە.
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، دوێنی یەکشەممە، رایگەیاند کە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکیی یانەی ریال مەدرید، بەهۆی دوایین پێکانەکەیەوە بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و لەوانەیە گەڕانەوەی ئەوەندە ئاسان نەبێت.
 
کۆرتوا ماوەی 10 رۆژە لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە، دوای ئەوەی لە نێوان دوو گێمی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر مانچێستەر سیتی گۆڕانکاریی پێکرا و لە یاریگا چووە دەرەوە.
 
یانەی ریال مەدرید ئاشکرای کردووە کە ئەو گۆڵپارێزە تەمەن 33 ساڵە، تووشی پێکانێکی ماسوولکەیی بووە لە بەشی پێشەوەی ماسوولکەی چوارسەری رانی راستیدا، ئەمەش بۆ چەند هەفتەیەک لە یاریگاکان دووری دەخاتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی ESPN، پێکانەکەی کۆرتوا بەهۆی تووندییەکەیەوە چارەسەرکردنی بەخێرایی کارێکی قورسە و لە چەند رۆژی رابردووشدا دۆخی پێکانەکەی ئاڵۆزتر بووە.
 
تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆر دوورە کۆرتوا بتوانێت بەشداریی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی بکات، کە بڕیارە لە 15ـی نیسانی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
 
بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ریال مەدرید لەو یارییە چارەنووسسازەدا پشت بە  ئاندرێ لونینی گۆڵپارێزی ئۆکراینی دەبەستێت، وەک چۆن یەکشەممەی رابردوو لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەنجامی دا. 
 
تۆڕی ESPN لە کۆتاییدا دەڵێت "لە پایتەختی ئیسپانیا هەمووان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی کۆرتوان؛ بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: کەی بە تەواوی ئامادە دەبێتەوە؟".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە