بۆچی عودەی رەنگی درێسی هەڵبژاردەی عێراقی لە مۆندیالی 1986 گۆڕی؟



رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق تەنیا یەکجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتووەتە مۆندیال، ئەویش مۆندیالی ساڵی 1986ـی مەکسیک بوو، بەڵام ئەو دەستکەوتە مێژووییە لەژێر سێبەری دەستوەردانی سیاسی و بڕیارە سەیرەکانی عودەی کوڕی سەدام حوسێن و باوکی، مانا وەرزشییەکەی خۆی لەدەستدا و بووە یادگارییەکی تاڵ بۆ نەوەیەکی زێڕین.
 
سەرەتای ناخۆشییەکانی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو سەردەمە بۆ 31ـی مانگی 3ـی 1980 دەگەڕێتەوە، کاتێک سەدام حوسێن لە نێو یاریگەی شەعب ئامادەی یاریی عێراق و کوێت بوو بۆ گەیشتن بە ئۆڵۆمپیادی مۆسکۆ. عێراق یارییەکەی بە ئەنجامی 2-3 دۆڕاند و ئەوەش تووڕەییەکی زۆری لای سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق دروستکرد. دواتر و لە ساڵانی هەشتاکاندا، عودەی کۆنترۆڵی تەواوی وەرزشی وڵاتەکەی کرد و بووە دێوەزمەیەک بۆ یاریزانەکان.
 
پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 1986، عودەی سەدام بڕیارێکی سەیر و چاوەڕواننەکراوی دا. رەنگی درێسی هەڵبژاردەی عێراقی لە سەوز و سپییەوە گۆڕی بۆ شینی کاڵ و زەرد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو رەنگانە گوزارشتیان لە یانەی رەشید دەکرد، ئەو یانەیەی عودەی خۆی دایمەزراندبوو. ئەم بڕیارە شۆکێکی گەورە بوو بۆ هاندەرانی عێراق.
 
عێراق لە کۆمەڵەی دووەم بوو لەگەڵ مەکسیکی خانەخوێ، بەلجیکا و پاراگوای. لە یەکەم یارییدا بەرامبەر پاراگوای عێراق ئەو یارییەی 1-0 دۆڕاند.
 
یاریی دووەم بەرامبەر بەلجیکا بوو، عێراق بە ئەنجامی 2-1 دووچاری شکست هات. ئەحمەد رازی تاکە گۆڵی فەرمی عێراقی لە مێژووی مۆندیالەکاندا لەو یارییەدا تۆمارکرد. لەو یارییەدا باسل گورگیس بە کارتی سوور کرایە دەرەوە. دوایین یاریی عێراقیش بەرامبەر مەکسیکی خاوەن یاریگە بوو، تێیدا عێراق بە گۆڵێکی بەرامبەر دۆڕا و بەبێ هیچ خاڵێک ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.
 
مۆندیالی 1986 کۆتایی هاتنی نەوەیەکی زێڕینی تۆپی پێی عێراق بوو. ئەو یاریزانانەی شایستەی ماڵئاواییەکی شایستەتر بوون، بەهۆی دەستوەردانەکانی عودەی حوسێن و بارودۆخی سیاسی وڵات، نەیانتوانی وەک پێویست جەژنە مۆندیالییەکەیان بگێڕن.