لێدوانی فەرمیی فیفا لەبارەی بەشداریکردنی ئێران لە مۆندیالدا
رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لەبارەی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالدا قسەدەکات و دەڵێت "ئێران بەشداری دەکات و هیچ پلانێکی دیکە لە ئارادا نییە."
سەرۆکی فیفا لە لێدوانێکی نوێدا لەبارەی بەشداریکردنی هەڵبژاردەکەدا لە مۆندیالی 2026 گوتی "ئێران نوێنەری گەلی وڵاتەکەیەتی، ئەوان بەشایستەییەوە سەرکەوتن بۆ ئەم مۆندیالە و یەکێک بوون لەو تیپانەی کە زۆر زوو گەیشتنە مۆندیال."
جیانی ئینفانتنیۆ، لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێران وڵاتێکی شەیدای تۆپی پێیە، ئێمە دەمانەوێت ئەوان یاری بکەن، ئەوان بەشداری لە مۆندیالدا دەکەن و هیچ پلانێکی (B, C, D) نییە، تەنیا پلانی ئەی هەیە کە بەشداریکردنی ئەوانە لە مۆندیالدا و ئەوە لەبەرچاو گیراوە."
پێشتریش جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان گوتبووی "سەرۆک ترەمپ پێیگوتووم، پێشوازی لە بەشداریکردن هەڵبژاردەی ئێران دەکەن لە مۆندیال."
ئەم قسانەی سەرۆکی فیفا لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا و دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەنگۆی زۆر لەبارەی بەشدارینەکردنی ئێران لە مۆندیالدا بڵاوکرانەوە، بەڵام سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دووپاتیکردووەتەوە کە هەڵبژاردەی ئێران بەشداری لە مۆندیالدا دەکات.
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاندبوو، ئەوان بەشداری لە مۆندیالدا دەکەن، بەڵام داوایانکردووە یارییەکانیان لە ئەمریکاوە بگوازرێنەوە بۆ مەکسیک.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتبووی "رەنگە بەشداریکردنی ئێران لە مۆندیالدا لەپێناو سەلامەتیی یاریزانان و هەموو لایەک گونجاو نەبێت."
هەڵبژاردەی ئێران خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 ئامادەدەکات، چەند رۆژێک لەمەوبەر یارییەکی دۆستانەی لە تورکیا بەرامبەر نەیجیریا دۆڕاند، رۆژی سێشەممە یارییەکی دیکەی دۆستانە بەرامبەر کۆستاریکا ئەنجامدەدات.
هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی حەوتەم یاریی دەکات، رووبەڕووی بەلجیکا، میسر و نیوزیلاند دەبێتەوە و یەکەم یارییان بەرامبەر نیوزیلاند دەبێت.