خواستی زۆر لەسەر درێسی ئامەدسپۆر هەیە و یانەکە پێڕاناگات
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکانی ئامەدسپۆر بۆ یارییەکەی بەرامبەر بۆڵۆسپۆر بەردەوامە؛ خواست لەسەر کڕینی درێسی یانەکە زۆرە.
یانەی ئامەدسپۆر، کە هەوڵی جددی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتیی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا و گەیشتن بە خولی نایاب دەدات، ئێستا بە زەحمەت دەتوانێت لەڕێی بەرهەمهێنانی درێسەوە وەڵامی کڕیاران بداتەوە.
ئامادەکارییەکانی ئامەد سپۆر بۆ یارییەکەی بەرامبەر بۆڵۆ بەردەوامە. تیپە سەوز و سوورپۆشەکە، رۆژی یەکشەممە 5ی نیسان لەنێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانی خۆیدا، میوانداریی یانە تورکییەکە دەکات.
یاریزانانی مەسعود باکاڵ سەرنجیان خستووەتە سەر ئەو یارییەی کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە لووتکەی ریزبەندییەوە هەیە؛ ئەوان دەیانەوێت بە بردنەوەی سێ خاڵی ئەم یارییە چارەنووسسازە، هەنگاوێکی دیکە لە ئامانجەکەیان نزیک ببنەوە.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا 32 یاریی کردووە و بە کۆکردنەوەی 67 خاڵ، لە پلەی دووەمە. یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر بە 69 خاڵ پێشەنگە و یانەی ئەسەنلەر ئەرۆک سپۆر بە کۆکردنەوەی 63 ساڵ لە پلەی سێیەمە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یاریی ئامەدسپۆر و بۆڵو، گوشارەکانی داواکاریی درێسی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان لەسەر فرۆشگاکانی ئامەدستۆر لە ئامەد زیاترن.
ئامەدسپۆر پێڕاناگات و ناتوانێت درێسی پێویست بۆ هاندەران دابین بکات.
هاندەرانی تیپە سەوز و سوورپۆشەکەی باکووری کوردستان کە کەوتوونەتە نێو کەشوهەوای پاڵەوانێتی، بۆ پاڵپشتیکردنی تیپەکەیان روویان لە فرۆشگەکانی ئامەدستۆر کردووە.
بەهۆی داواکاریی زۆری خەڵک، درێس و بەشێک لە بەرهەمە وەرزشییەکانی دیکە نەماون. یانەکە لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ بەرهەمهێنانی درێسی زیاتر تاوەکو بتوانێت وەڵامی خواستی زۆری هاندەرانی بداتەوە.
نرخی درێسی ئامەدسپۆر
لە فرۆشگەی ئامەدستۆر، درێسە واژۆکراوەکان بە 5 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 110 دۆلار) دەفرۆشرێن، درێسە بێ واژۆکانیش نرخەکانیان لەنێوان 950 لیرە (نزیکەی 20 دۆلار) بۆ 2 هەزار و 500 لیرەی تورکی (نزیکەی 55 دۆلار) دەگۆڕێن.
ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد کرد.
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.