دێربیی بادینان لە پشت دەرگا داخراوەکان بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
دێربیی بادینان، لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و هاندەران ناتوانن لە یاریگەدا ئامادەبن.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات، ئەمە یارییەکە هەمیشە جێگەی سەرنجی زۆر بووەوە و هاندەرانی هەردوو تیپ بە تاسەوە چاوەڕێی کاتی ئەنجامدانی یارییەکە دەکەن.
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا هاوشێوەی یاریی یەکەمی هەردوو تیپ لەم وەرزەی خولەکەدا، هاندەران لە یاریگە ئامادەنابن و یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی دوو دیارترین هاندەر بەڕێوەدەچێت، بەڵام دێربیی بادینان هەمیشە بە گرنگییەوە سەیرکراوە.
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ یانەی دهۆک لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و دەیەوێت بەبردنەوەی دێربیی بادینان هاندەرانی ئاشتبکاتەوە.
هاڕوون ئەحمەد، کاپتنی یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە گوتی "دێربیی بادینان هەمیشە چێژ و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، لە ماوەی رابردوودا رەنگە ئەنجامەکانمان وەکو پێویست نەبووبن، بۆیە یارییەکە بۆ ئێمە و بۆ ئەوانیش گرنگە."
کاپتنی دهۆک پەیامێکی ئاراستەی هاندەرانی هەردوولا کرد و گوتی "یارییەکە بە هاندەرەوە جوانە و هەمیشە رۆڵی کاریگەریان هەبووە لە هاندانی تیپەکانیان، بەڵام جوانییەکە تاوەکو ئەو کاتەیە کە نەگاتە کەمکردنەوەی یەکدی، بۆیە داوا لە هاندەرانی هەردوو تیپ دەکەم لە کێشە دووربکەونەوە."
یانەی زاخۆ هاوشێوەی یانەی دهۆک، لە چەند گەڕی رابردوودا ئەنجامەکانی باش نەبوون، بەرامبەر گەرمە یەکسانبوو، دوای ئەوەش بەرامبەر موسڵ و شورتە دۆڕا.
ئێستا زاخۆ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 40 خاڵ و دهۆک لە پلەی نۆیەمە بە 34 خاڵ.
بەر لە یارییەکە ئوسامە رەشید، یاریزانی یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی گوت "ئامادەکاریی باشمان بۆ یارییەکە کردووە، ئامادەنەبوونی هاندەران لە یارییەکەدا کاریگەریی دەبێت و گوشاری زیاترە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بەبردنەوەی دێربیی بادینان هاندەرانمان دڵخۆشبکەین."
ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی دڵخۆشی بوو، ئەو هاودەنگی و لە یەک نزیکبوونەوەی نێوان هەردوو یانە و هاندەرانی هەردوولایە، بەتایبەت دوای ئەوەی دهۆک بووە ئامانجی هێرشەکان و زاخۆ پاڵپشتیی خۆی بۆ دهۆک دووپاتکردەوە.
دوای ئەوە یاریزانانی یانەی دهۆک لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیەوە گوتیان، دهۆک زاخۆیە و زاخۆ دهۆکە، دەمانەوێت بەر لە یارییەکە بەیەکەوە وێنە بگرین.
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەوە بە رووداو سپۆرتسی گوت "دەستپێشخەرییەکە تەنیا هی ئێمە نییە، هی یانەی زاخۆشە، بەتایبەت ئەو پاڵپشتییەی ئەوان لە کاتی هێرشەکاندا لە دهۆکیان کرد هەمووانی دڵخۆشکرد."
هوشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی گوت "ئێمە ئامادەین بۆ پاڵپشتیکردن لەو دەستپێشخەرییە و دەستی برایەتی بۆ هەموو یانەکانی کوردستان درێژدەکەین و جێگەی دڵخۆشییە کە هاندەرانی هەردوو تیپ لە یەکدی نزیکبوونەتەوە."
لە ریزەکانی یانەی دهۆک، عەلی یاسین، گۆڵپارێزی یانەکە بەهۆی کارتی سوورەوە یاریی ناکات، هەریەکە لە حەمود مەشعان، پاشەنگ عەبدوڵڵا و سەعد ناتق، پێکانیان هەیە و یاریی ناکەن، پیتەر گۆرگیسیش لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە مەکسیکە و لە دێربیی بادینان بێبەش دەبێت.
لە ریزەکانی یانەی زاخۆ، هەریەکە لە شێرکۆ کەریم و ئێچێتا دیپۆتی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا نەبینران، بەڵام بەپێی دەستەی پزیشکی یانەکە دەکرێت ئەو دوو یاریزانە لە چەند خولەکێکدا یاریی بکەن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای راهێنەری یانەکە دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ئەنجامدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکە و پاراستنی سەلامەتی هەموو لایەک، رێوشوێنی توند بگیرێتە بەر، بە جۆرێک جگە لەوەی رێگە بە ئامادەبوونی هاندەران نادرێت، لە کارگێڕیی هەردوو یانەش تەنیا 10 کەس لە شوێنی تایبەتی یاریگە دادەنیشن.
جگە لەوەش تەنانەت دەرگای چوونە ژوورەوە بەڕووی رۆژنامەڤانانیش داخراو دەبێت و تەنیا ئەو کەناڵەی مافی گواستنەوەی یارییەکەی هەیە لەنێو یاریگە دەبێت.