ریال مەدرید چاودێری ئەستێرەیەکی نێوداری پرێمەرلیگ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید چاودێریی دۆخی، ئەستێرەیەکی دیار و نێوداری پرێمەرلیگ دەکات و ئەگەری هەیە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکە بدات، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، کۆڵ پاڵمەر، ئەستێرەی دیاری یانەی چێڵسی، لەگەڵ یانەکەی دڵخۆش نییە و تاوەکو دێت زیاتر هەست بە بێهیوایی دەکات و ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە بکاتەوە.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بێزاریی یاریزانەکە بەهۆی گۆڕانکارییە تاکتیکییەکانی یانەکەوەیە و یاریزانەکە هەستدەکات بەو هۆیەوە شوێنی لە یاریگەدا گۆڕاوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاستی یاریزانەکە هەبووە.
 
میدیای ئیسپانی و ئینگلیزی دەڵێن، یانەی ریال مەدرید چاودێریی بارودۆخی یاریزانە ئینگلیزییەکە دەکات و ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی پاڵمەر بێتە سەرهێڵ.
 
جگە لەوەش یانەی مانچێستەر یونایتد، یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی ویستی گواستنەوەی ئەو یاریزانەی هەیە، کۆڵ پاڵمەریش بیر لەوە دەکاتەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بۆیە مان یونایتد دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە.
 
پاڵمەر تەمەنی 23 ساڵە، یاریزانەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا 20 یاریی ئەنجامداوە، خاوەنی 9 گۆڵ و 1 ئەسیستە.
 
گرێبەستی یاریزانە ئینگلیزییەکە لەگەڵ لەندەنییەکان تاوەکو هاوینی 2033ـە، نرخەکەی ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 110 ملیۆن یۆرۆ و لە ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەکە لە چێڵسی، پێناچێت یانەکە بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.