بایرن میونشن لە ترسی سعودییەکان گرێبەستی کەین نوێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دەیەوێت پارێزگاری لە تواناکانی هاری کەین، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەکەی بکات و هەرچی زووە لە ترسی سعودییەکان گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
رۆژنامەی کیکەری ئەڵمانی دەڵێت "ئۆلی هونیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن، ئاگاداری هەوڵەکانی سعودیەیە بۆ ئەوەی بە گرێبەستێکی گرانبەها هاری کەین بگوازنەوە بۆ خولەکەیان، بۆیە دەیەوێت بە زووترین کات گرێبەستی یاریزانەکە نوێبکەنەوە."
بەپێی سەرچاوەکە، بایرن میونشن پلانی داناوە بەر لە تەواو بوونی گرێبەستی هاری کەین، کە ساڵی 2027 کۆتایی دێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و ماوەیەکی درێژتر ئەو یاریزانە 32 ساڵە لە ئالیانز ئارێنا بهێڵێتەوە.
کەین لەگەڵ بایرن میونشن دڵخۆشە، لەم وەرزەدا لە 40 یارییدا بەشێوەیەکی گشتی 48 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستی هەیە.
لە بوندێسلیگادا لە دوای 26 یاری 31 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵکاری خولەکەیە.
گرێبەستی هاری کەین لەگەڵ بایرن میونشن لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی لە گەیشتن بە 33 ساڵ نزیکبووەتەوە، بەڵام هێشتا نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 65 ملیۆن یۆرۆیە.