75 رۆژەکەی ئەربێلوا لە ریال مەدرید.. ئاڵنگاریی و نهێنیی نوێ


رووداو دیجیتاڵ

ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، 75 رۆژی تەواوی لەسەرپەرشتیکردنی یانەکە بەڕێکرد. ماوەیەک کە تێیدا گۆڕانکاریی گەورە لە تیپەکەدا دروست بوو.
 
ئەربێلوا لە سەدەمین رۆژ لە مەشقدانی یانەکە نزیکدەبێتەوە و بەپێی ئەوەی میدیای ئیسپانیا باسیدەکەن، ئەو سەرکەوتووبووە لەوەی ئارامیی بگەڕێنێتەوە نێو ژووری جلگۆڕینی تیپەکە.
 
رۆژنایە 'ئەی ئێس'ی ئیسپانیا دەڵێ ئەو ماوەی حەفتا و پێنج رۆژە کە دوو مانگ و نیو دەکات، پڕبووە لە ئاڵنگاری، کاری لێبڕاوانە و سەرکەوتن بۆ ئەو راهێنەرە لاوە، بەتایبەت پاشئەوەی تیپەکەی گێڕایەوە سەر راستەڕێی ئەنجامە باشەکان.
 
رۆژنامەکە دەڵێ ماوەی 75 رۆژەکە، وانەی گرنگی بۆ زۆر کەس لە ریال مەدرید تێدابوو، لە کاتێکدا بۆ هەندێک ماوەی چەقین و چاوەڕوانی بوو.
 
دوو مانگ و نیوەکە، درەوشانەوەی هەندێک یاریزان و پاشەکشەی هەندێک یاریزانی بەخۆوەبینی، ئەوەش بەشتێکی سرووشتی دادەنرێت، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، بەبیرکردنەوە لە ئاراستەی گشتیی تیپەکە، کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت.
 
لەنێو ئەو یاریزانانەدا کە لەماوەی راهێنەرایەتی ئەربێلوادا ئاستیان گۆڕانکاریی زۆری بەخۆوە بینیوە، ڤینیسیۆس، ماستانتونۆ، کاماڤینگا، گۆنزالۆ، سێبایۆس و ئانتۆنیۆ رۆدیگێر.
 
ڤینیسیۆس.. گۆڕانە گەورەکە
 
دەکرێ وادابنرێت کە ڤینی شایستەی میدالیای گەورەترین گۆڕانکارییە لە تیپەکەدا.
 
ئەو یاریزانە لە 34 یارییدا لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشووی یانەکە تەنیا حەوت گۆڵی تۆمارکرد. رێژەی گۆڵکردنی 0.20 گۆڵ بوو لە هەر یارییەکدا.
 
لەگەڵ ئەربێلوا، ڤینی بووەتە کەسێکی دیکە و لە 17 یاریدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە کە دەکاتە رێژەی 0.65 گۆڵ لە هەر یارییەکدا.
 
ڤینی لە دوو قۆناخی زۆر هەستیاردا، تیپەکەی لەشانکرد، لە یاریی مانچێستەر سیتیدا کاریگەرییەکی گەورەی دروستکرد و لە پێنج گۆڵەکەی ریال مەدرید، دوو گۆڵی تۆمارکرد. لە دێربیی مەدریدیش دوو گۆڵی تیپەکەی تۆمارکرد.
 
گەشانەوەی تواناکانی ڤینیسیۆس، گرەوێکی گەورەی ئەربێلوا بوو، چونکە ئەو یاریزانە ئەگەرچی خاوەنی بەهرەیەکی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ ئەلۆنسۆ کێشەی زۆری هەبوو، هەربۆیە نەیتوانی وەک پێویست دەربکەوێت.
 
ئەربێلوا کاری زۆری لەسەر درەوشانەوەی ڤینی کرد، لە چەندین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا پەسنی تواناکانی ئەویدا و دووپاتیکردەوە کە ئەو یاریزانێکی مەزنە.
 
دەرکەوتنی بەهرەمەندەکان
 
دووەم کاری گەورەی ئەربێلوا و رەنگدانەوەی لەسەر تیپەکە، پشتبەستنی ئەوبوو بە یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیای ریال مەدرید، لەسەرووی هەموویانەوە تیاگۆ پیتارچ، کە بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی تیپەکە و لە یارییە هەستیارەکانی تیپەکە بەرامبەر سیتی و ئاتلێتیکۆ لە پێکهاتەی سەرەکی بوو.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، هەریەکە لە دیڤید خیمینێز، دیێگۆ ئاگوادۆ، سیستێرۆ، مانوێل ئانخێل، میسونیرۆ، یانیز و پالاسیۆس هەلی دەرکەوتنیان بەدرێسی تیپی یەکەمەوە درایە و ئەوانیش دووپاتیانکردەوە، شایستەی پۆشینی درێسەکە و مایەی پشتپێبەستنن.
 
گەڕانەوەی ڤاڵڤێردی
 
فیدریکۆ ڤاڵڤێردی یەکێکی دیکەیە لە یاریزانە درەوشاوەکان لەگەڵ ئەربێلوا کە بووەتە جێگەی سەرنجی هەمووان.
 
ئەربێلوا توانیویەتی سوودی زۆرباش لە کوالیتی و خێرایی ئەو یاریزانە وەربگرێت، بەتایبەت کە ئازادیی داوەتێ لەوەی یاریگەدا خۆی جووڵەی خۆی دەستنیشان بکات. فیدی بووەتە سوپەرمانەکەی ئەم قۆناخەی ریال مەدرید، هەشت گۆڵی لە وەرزەکەدا تۆمارکردووە کە شەشیان لە مانگی سێدا بوون، بەوەش بەسەر باشترین ژمارەی خۆیدا بەجیاوازیی چوار گۆڵ سەرکەوتووە.
 
برایم دیاز ئەستێرەیەکی دیکەی درەوشاوەی 75 رۆژەکەی ئەربێلوایە. دیاز لە ئامادەنەبوونی ئێمباپێدا توانی گۆنزالۆ تێپەڕێنێت و ببێتە یاریزانێکی سەرەکیی پێکهاتەکە. لە دوایین پێنج یارییدا ئەو بەشداریی کارای هەبوو.
 
لە هەمان ماوەدا، هەریەکە لە رۆدریگۆ و دین هاوسن تواناکانی خۆیان بەدەستهێناوەتەوە پاش چاکبوونەوەیان لەو پێکانانەی هەیانبوو. ئەوان دووپاتیانکردەوە کە ئەزموون و توانای ئەوەیان هەیە، خزمەتی زۆری تیپەکە بکەن.
 

کوژانەوەی یاریزانەکان

لەگەڵ ئەو رۆژە گەشانەی ئەربێلوا بۆ ژمارەیەک یاریزانی دروستکردووە، ئاستی ژمارەیەک یاریزانیش پاشەکشەی زۆریان کردووە.
 
فرانکۆ ماستانتونۆ یەکیکە لەو یاریزانانەی پاشەکشەی گەورەی کردووە، ئەو لە ژێر سەرپەرشتیی ئەربێلوادا تەنیا 442 خولەک یارییکردووە، زۆرینەیان لە یەکەم شەش یاریی ژێر سەرپەرشتیی ئەو راهێنەرەدابوون. لە کاتێکدا ماوەی یارییکردنی بۆ 60 خولەک لە دوایین 55 رۆژدا دابەزیوە.
 
ئێدواردۆ کاماڤینگا، ناوێکی دیکەی گەورەی تیپەکەیە کە بووەتە قوربانیی درەوشانەوەی تیاگۆ و کەوتە سەر کورسیی یەدەگ لە زۆرینەی یارییەکاندا، پاش گەڕانەوەی لە دابڕان لە تیپەکە بەهۆی ئازاری ددانەوە. لە کاتێکدا ئاستی سێبایۆس و گۆنزالۆ لە تیپەکەدا زۆر کەمتر بووەتەوە لە جاران.
 

داهاتوو چۆن دەبێت؟

بەشێوەیەکی گشتیی، 75 رۆژەکەی ئەربێلوا لەگەڵ ریال مەدرید، دەکرێ بەگەش لە زۆر رووەوە دابنرێت. ئەوەی گرنگە ئارامبوونەوەی ژووری جلگۆڕین و دڵخۆشیی یاریزانەکانە کە بردنەوە بە راهێنەرەکەیان دەبەخشن.
 
دۆخەکە تاوەکو ئێستا بەدڵی مەدریدییەکانە، تیپەکە هەندێک تاقیکردنەوەی قورسی تێپەڕاندووە، لە نێویاندا گەیشتنە قۆناخی هاشتی چامپیۆنزلیگ بەسەر مانچێستەر سیتیدا، هەروەها بردنەوەی دێربی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام هەموو ئەوانە هێشتا وێنایەکی روونی لەسەر داهاتووی ئەو راهێنەرە لە تیپەکەدا دروستنەکردووە.
 
ئەوەی کە روونە و ئاشکرایە، بەئەگەری زۆرەوە، پرسیاری سەرەکیی لەبارەی چارەنووسی ئەربێلواوە لە کۆتایی وەرزدا، لەسەرئەوە دەبێت کە ئەو راهێنەرە کام نازناوەی بەدەستهێناوە؟