رۆناڵدۆ دەیەوێت بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا بەڕێوەدەچێت و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت سەرکردایەتیی یانەکەی بکات بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
کاژێر 19:30 لەسەر یاریگەی جەوهەرە لە جەددە، یانەی نەسڕی سعودی بەرامبەر یانەی کاواساکی فرۆنتالی ژاپۆنی یاری دەکات، ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە بە یەک یاری بەڕێوەدەچێت.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕ، رۆژی سێشەممە دوایین مەشقەکانیان ئەنجامدا و دۆن دەیەوێت سەرکردایەتی تیپەکەی بکات، بۆ نووسینەوەی مێژووییەکی نوێ لە کاروانی یارییکردنیدا، کە لە ئەگەری گەیشتن بە یاریی کۆتایی ئەو یاریزانە هەلی ئەوەی دەبێت، چامپیۆنزلیگی ئاسیاش بباتەوە، لەکاتێکدا پێشتر چامپیۆنزلیگی ئەورووپای بەدەستهێناوە.
 
کاواساکی فرۆنتال، لەسەر ئاستی ناوخۆی ژاپۆن لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی باش نین و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی وڵاتەکەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و دەیەوێت لە رکابەریکردن بۆ نزیکبوونەوە لە نازناوەکە بەردەوامبێت، لەکاتێکدا پێشتر یانەکە هیچ نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیای نەبردووەتەوە.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی نەسڕی سعودی و کاواساکیی ژاپۆن، رۆژی شەممەی داهاتوو لە یاریگەی جەوهەرە بەرامبەر یانەی ئەهلی سعودی یاری دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا، خاوەنی 8 گۆڵە و هەلی ئەوەی هەیە ببێتە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە، لەکاتێکدا سالم دوسەری 10 گۆڵی کردووە، بەڵام تیپەکەی کراوەتە دەرەوە.