فیفا کۆنگرە دەکات و شاندی ئێران لە فڕۆکەخانەوە گەڕێنرانەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) کۆنگرەی حەفتا و شەشەمینی خۆی لە ڤانکۆڤەری کەنەدا دەبەستێت، بەر لە کۆنگرەکە دۆخی هەڵبژاردەی ئێران باڵی بەسەر رووداوەکانی کۆنگرەکەدا کێشاوە.
 
کۆنگرەکەی فیفا نزیکەی دوو مانگ بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئەنجامدەدرێت. نوێنەرانی 200 فیدراسیۆنی وڵاتانی سەر بە فیفا بەئامادەبوونی نزیکەی 1600 کەس بەڕێوەدەچێت.
 
نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنیان بەڤانکۆڤەر بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەکە، گەڕانەوە وڵاتەکەی خۆیان و میدیای ئێران ئاشکرایکرد، مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران و دوو ئەندامی دیکەی فیدراسیۆنەکە، بەهۆی بێڕێزیکردنی ئەفسەرانی کۆچ لە کەنەدا، بڕیاریانداوە بەشداری لە کۆنگرەکەدا نەکەن.
 
میدیای کەنەدا دەڵێن، تاج ئەندامی سوپای پاسدارانە و لەبەرئەوەی سوپای پاسدارانیش لەلایەن کەنەداوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، رێگە بەتاج نەدراوە بچێتە نێو وڵاتەکەوە.
 
ئاژانسی کۆچی کەنەدا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، بڕیارەکانی حکومەتی کەنەدا روونن، بەرپرسانی سوپای پاسداران نابێ بێنە نێو خاکی کەنەداوە و لە وڵاتەکەماندا جێگەیان نابێتەوە.
 
مشتومڕی پاشەکشەی شاندەکەی ئێران و رێگەپێنەدانی بەچوونە نێو خاکی کەنەدا، نوێترین ئاڵنگاریی بەردەم فیفایە بۆ رێکخستنی مۆندیالی داهاتوو، لە کاتێکدا ماوەیەکی کەمە ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن و ئێران لەلایەکی دیکە راگەیێنراوە.
 
پێشتر، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، حکومەتی وڵاتەکەی کێشەی لەگەڵ یاریزانان و وەرزشوانانی هەڵبژاردەی ئێران نییە بۆچوونە نێو ئەمریکا، بەڵام ترسیان لەوە هەیە ئەندامانی سوپاسی پاسداران لەژێر ناوی وەرزشوان و راهێنەردا، لەگەڵ شاندی ئێران هەوڵی چوونە نێو ئەمریکا بدەن.