گۆڕانکاریی نوێ لەبارەی گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
هەواڵی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ، بۆ یانەی ریال مەدرید رۆژ لە دوای رۆژ گەرمتر دەبێت و ئەو راهێنەرە ئێستا دیارترین بژاردەی فلۆرێنتینۆ پێرێزە، بۆ دانیشتن لەسەر کورسی راهێنەرایەتیی یانەکە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، هەنگاوەکان لە ریال مەدریدەوە بۆ گەڕاندنەوەی مۆرینیۆ دەستیانپێکردووە و چاوەڕواندەژرێت جاریکی دیکە مۆرینیۆ ببێتەوە راهێنەری ریال مەدرید، لەکاتێکدا پێشتر راهێنەری ئەو یانەیە بووە و لە سێ وەرزدا 3 نازناوی بەدەستهێناوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەک، لەگەل گەڕانەوەی مۆرینیۆدا بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریال مەدرید لە گواستنەوەی هاوینەدا بەشێوەیەکی چالاک دەردەکەوێت و کار بۆ گواستنەوەی چەند یاریزانێک دەکات، دیارترین بژاردەکانیشی، مایکل ئۆلیسێ، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنە کە نرخەکەی دەگاتە سەرووی 150 ملیۆن یۆرۆ و پێناچێت بایرن بە ئاسانی دەستبەرداری ببێت.
جگە لەوەش هەریەکە لە ئێنزۆ فێرناندێز، ئەستێرە و کاپتنی یانەی چێڵسی و ڤیکتۆر ئۆسیمێن، هێرشبەری یانەی گاڵاتەسەرای تورکی لە پلانەکاندا دەبن بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕانەوەی مۆرینیۆدا سەرکردایەتیی پڕۆژەی نوێی یانەی شاهانە بکەن.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت " کۆبوونەوەی چڕوپڕ لە نێوان خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی جۆزێ مۆرینیۆ و کارگێڕی یانەی شاهانە ئەنجامدەدرێن، وەک ئامادەکارییەک بۆ واژۆکردنی گرێبەستە فەرمییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامادەکارییەکانی پشت پەردە بە خێرایی بەرەوپێش دەچن و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی."
ئەم هەنگاوانە ئەگەری گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید زیاتر دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر ناوی چەند راهێنەرێک بە یانەکەوە بەسترابوونەوە، کە دیارترینیان یۆرگن کڵۆپ بوو.
هەواڵی نزیکبوونەوەی مۆرینیۆ لە گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید لەکاتێکدا لە دوایین لێدوانیدا ئەو راهێنەرە دەڵێت "ئامانجی داهاتووی من ئەوەیە سەرکردایەتیی بێنفیکا بکەم لە چامپیۆنزلیگدا".