کانتێ لەجیاتی باڵۆن دۆر بیر لە شتێکی دیکە دەکاتەوە

رووداو دیجیتال

نگۆلۆ کانتێ، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، دووپاتیکردەوە کە ئەو بیر لە باڵۆن دۆر ناکاتەوە و گوتی "ئامانجێکی دیکەم لەم ساڵەدا ماوە".

لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا، کە لەسەر یاریگەی دراگاو لە شاری پۆرتۆی پۆرتوگالی لەنێوان هەردوو یانەی ئینگلیزی، مانچێستەر سیتی و چێڵسی بەڕێوەچوو، یانەی لەندەنی توانی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکە بباتەوە و جامەکە بەز بکاتەوە، کە لەو یارییەدا کانتێ ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەشکرد و بە باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریکرا.

دوای یارییەکە لە کانتێیان پرسی، بیر لە بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەکەیتەوە؟ بەڵام ئەو لە وەڵامدا رەتیکردەوە بیر لەو خەڵاتە بکاتەوە و گوتی "نەخێر، من بیر لە باڵۆن دۆر ناکەمەوە، بیر لە یۆرۆ دەکەمەوە، دەمەوێت لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا نازناوی یۆرۆ ببەمەوە". 

سەبارەت بەو خەڵاتە کانتێ، لەدوای یارییەکە گوتی "خەڵاتێکی لاوەکییە، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە پێکەوە چیمان کرد، تا کۆتایی شەڕمان کرد بۆ ئەوەی نازناوە گەورەکە ببەینەوە، ئەوەشمان کرد".

ئەو یاریزانە فەرەنسییە زیاتر گوتی "بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ ئێمە سەرسوڕهێنەرە، دەرئەنجامی رەنج و زەحمەتییەکی زۆرە بەدرێژایی وەرزەکە، لە کۆتاییدا شانازی و دڵخۆشییەکی گەورەیە".

کانتێ پەسنی تۆماس توخێلی راهێنەریشی دا و گوتی "ئەم سەرکەوتنە ئەنجامی هاتنی راهێنەری نوێیە، گۆڕینی تاکتیکە، هەوڵی زۆرە پێکەوە، ئەمڕۆش دەستکەوتەکەمان بردەوە کە بەرهەمی وەرزێکی تەواوە".

میدیای بەریتانیا بەس لەوە دەکات کە یانەی چێڵسی بەڵێنی بە نگۆلۆ کانتێ داوە، لە رۆژانی داهاتوودا بە گرێبەستێکی گرانبەها و درێژخایەن خەڵاتی بکات.