ئێكزابى ئەلۆنسۆ وەک یاریزانى بێ شوێن
سیانەیەکى دیکە وەک یەکێک لە ئەگەرەکانى بەردەم پلانى داهاتووى کارلۆئەنچلۆتى تەماشادەکرێت، کە پێکدێن لە هەریەکە لە یاریزانان " لۆکا مۆدریچ"ى کرواتى، "ئێکزابى ئەلۆنسۆ" ى ئیسپانى، ئیسکۆ/ سامى خزیرە"ى ئەڵمانى.
با سەرەتا باس لە ئەرک و وەزیفەى تەکتیکى ( ئێگزابى ئەلۆنسۆ) بکەم وەک یاریزانێکى بێ شوێن، بێ شوێن بەماناى ئەوەى ئەم یاریزانە سەد دەر سەد یاریزانى چەق نییە، هەروەها سەد دەر سەد یاریزانى گۆڵدرووستکار نییە.
بەکورتى شوێنى ڕاستەقینەى یاریکردنى ئەلۆنسۆ نادیار و ناڕوونە و تا ئێستا بەهیچ کام لەڕاهێنەرەکانى هەم ئەو یانەى یارى لێکردووە و هەم لەبەردەستى ڕاهێنەرە یەک لەدواى یەکەکانى لەهەڵبژاردەى ئیسپانیا نەیانتوانیوە لەپلانى تیپەکەیاندا ڕاستەوخۆ شوێنى جێگیرى ( ئێگزابى ئەلۆنسۆ) دیارى بکەن.
من بەپێى تواناى کەمى خۆم و لەڕێگەى ئەم شیکارییەوە هەوڵئەدەم باس لە ئەرک و بەرپرسیارییەتى تەکتیکى (ئێگزابى ئەلۆنسۆ) بکەم لەنێو یاریگا.
بەشداریکردنى ئەلۆنسۆ وەک ئەزموون و وەک تەمەن و وەک بەردەوامى و ئامادەى نێو گۆڕەپان یاریزانى سەرەکى پێکهاتەى ڕیاڵ مەدرید، چییە، کە وایکردووە بتوانێت گوڕێکى زیاتر بدات بەم جێگەى یاریکردنە، چونکە ( ئێگزابى ئەلۆنسۆ) لەیەککاتدا بە چەند ئەرکێک هەڵدەستێ بۆ نموونە تواناى هەیە هێڵەکان پێکەوە ببەستێتەوە بەمەبەستى درووستکردنى جۆرە باڵانسێک بۆ کۆ هێڵى یانەکەى.
دەشتوانێ شوێنەکان پێکەوە گرێبدات لەو ناوچەى ئەو یارى تێدا دەکات واتە هەندێکجار ئیشى ئەو دەبێت بە بەستنەوەى شوێنەکان لەئاستى کورتدا، بابزانین مەبەست لە ئاستى کورت چییە؟ ئاستى کورت بریتییە لە نزیکى ئەو هێڵانەى، کە ئێجگار لەیەکەوەنزیکن، بۆ وێنە دەشێ نزیکى (ئەلۆنسۆ) بە بەرگریکارى لاى ڕاست، یان چەپ، پێویستى بە بەستەوە ببێ لەڕێگەى یاریزانانى ئیرتیکازەوە، کە (ئەلۆنسۆ) بە ئەنجامدانى ئەو ئەرکە ئەڵدەستێت.
هەروەها جێگە گۆڕین لەگەڵ (سامى خزیرە). گەر هات و کار گەیشتە سەر بیناکردنى هێرشەکانى ڕیاڵ، ئەوە بڕێک جار (سامى خزیرە) لەگەڵ کردەى هێرشەکەدا سەردەکەوێت. لە وەها حاڵەتێکدا ئەرکى (ئەلۆنسۆ)یە، کە ڕووماڵى شوێنى بۆشبووى (سامى) بکات. بەمە دەگووترێت بەستنەوەى هێڵ، یان پڕکردنەوەى بۆشاییەکان لەئاستى کورتدا. گرێدانى هێڵەکان ناوەند بە بەرگرى و چەق بە ناوەند و چەق بە هێڵى هێرشبردنەوە.
دەکەوێتە سەر لێهاتووى "کارلۆئەنچلۆتى"، کە چۆن (ئێکزابى ئەلۆنسۆ) بەکار دەهێنێت بۆ هەریەک لەم وەزیفانەى، کە (ئێکزابى ئەلۆنسۆ) توانایى جێبەجێکردنى هەیە. ئەو زەمەنەى (ئەلۆنسۆ) لە یانەکانى "سۆسیداد" و "لیڤەرپول" یارى دەکرد، بە "مستەر پاس"، نێوبانگى پەیداکردبوو، چونکە "لەڕێگەى ئاراستەکردنى تۆپى درێژ لە نزیک ناوچەى 18 یاردەى یانەکەى تۆپى بە ئاراستەى ستوونى یاریگا دەهاویشت بەرەو رووى هێرشبەرانى تیپەکەى کە چەند مەترێک لە دەریچەى تیپى دژبەرەوە نزیکن"
بەمەش تواناى هێرشى هەڵگەڕاوەى لە ناکا و کتوپڕو و خێرا چێ دەبێت. ئەم کارایەیەى ( ئێكزابى ئەلۆنسۆ) کۆمەکییەکى باشى پلانەکەى "کارلۆ ئەنچلۆتى" دەکات. هێرشى هەڵگەڕاوە لەڕێگەى ئاراستەکردنى تۆپ بەشێوە ڕاستەوخۆ کارێک دەخوڵقێنێت، کە تیپى بەرانبەر نەیانپەرژێتە سەر بەرگریکردن، کە هۆکارە دەبێت بەهۆى شڵەژان و فشار و هاتنە ناو نیوە یاریگاى "ڕیاڵ مەدرید"ەوە بە ژمارە زۆرى، ئەو دەرفەتە لەبەردەم ڕیاڵ مەدرید ئاوەڵا دەکات، تاوەکو بتوانێت گوزى خۆى بوەشێنێت لەتیپى نەیار، ئاخر گرنگى هێرشى پێچەوانەى لەناکاو بایەخەکەى لەوەدایە تیپى بەرانبەر بەهۆى تەرکیزى زۆریان لەسەر گۆڵ تۆمارکردن و ڕۆژانە نێو نیوە یاریگاى "ڕیاڵ مەدرید"ەوە، دۆخێک دێنێتە پێش تیپى نەیار نەتوانن بەشێوەى درووست بەرگری بکەن، نە دەتوانن هاوسەنگى بۆ هێڵەکانیان بگەڕێننەوە، نە تواناى ڕووماڵکردنیان دەبێت بەشێوەى درووست.
خاڵێکى دیکەى بەهێزى (کارلۆئەنچلۆتى)، کە پێویستە سودى لێ ببینێ، دابەشکردنى تۆپى درێژە بەسەر هەردوو باڵەکاندا، کە مەبەستم شوێنى یاریکردنى (کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ) و (ئانخێل دیماریا)یە. دابەشکردنى تۆپ لەڕێگەى گواستنەوەى تۆپ بۆ ئەم یان ئەو یاریزانى لا تەنیشت. دەبێتە هۆى بەدەستخستنى رێگەچارەیەکى دیکەى تەکتیکى هێرشربردن، بۆ نموونە، هاویشتنى تۆپ بۆ لاى ڕاست، یان بۆ چەپ، یان بۆ قوڵایى و ناوجەرگەى 18یاردە، ئەمەش بوار ڕەخسێنە، بۆ چالاککردنى هەرسێ شوێنى فشار درووستکردن، ئەم ئیشە بە یاریزانێکى وەک ( ئێكزابى ئەلۆنسۆ) ئەنجام دەدرێت، ئاخر ( ئێكزابى ئەلۆنسۆ) زۆر ورد و دەقیقە لە ئاراستەکردنى تۆپ بە ئاراستەى هەم ستوونى و هەم ئاسۆیى، ئەمەش جۆرێکە لەیارى گۆڕین، کە وا لە تیپى بەرامبەر دەکات کێشەى لەدەستدانى تەرکیز ( لێوردبوونەوە) یان بۆ بێتەپێش. لایەنێکى هەرە ناکاراو پاسیڤى ( ئێگزابى ئەلۆنسۆ) ئەوەیە، یاریزانێکى خاو خلیچک و سستە لەڕووى خێرایى، بە چەشنێک، هیچ کات نەیتوانیوە سەد دەر سەد وەک یاریزانى ئیرتیکاز مامەڵە بکات، کە کەمترین جار توانیویەتى تۆپ لەبەر پێى یاریزانى دژبەر بپچڕێنێت، ئەمەش ئەو هەقە لە نابراو دەستێنێتەوە، کە وەک یاریزانى لێوردبەرەوە تەسەڕووفى لەگەڵ بکرێت، یان ڕاهێنەر ڕای بسپێرێت بۆ جێبەجێکردنى وەزیفەى چاودێرى و ڕووماڵى ناوچەى 30 مەترى نیوەیاریگەى خۆى و دەرەوەى 18 یاردە و کەمکردنەوەى ئەو مەترسیانەى هێرشبەران، یان گۆڵدرووستکارانى تیپى بەرانبەر ئەگەرى هەیە لەسەر هێڵى بەرگرى و دەریڤەى "ڕیاڵ مەدرید" درووستیبکەن. بەکورتى، ( ئێكزابى ئەلۆنسۆ) بەماناى (خافى مارتینیز)ى "میونخ"، (بۆسکێس)ى "بەرشەلۆنە" یا (جینارۆ گاتوسۆ)ى یاریزانى پێشووى "ئەیسى میلان" یاریزانى ئیتیکاز نیە و ناتوانێت ببێتە سەرچاوەى هەراسانى و بێزارى وەڕسبوونى یاریزانى تیپى دژبەر کاتێک دەیانەوێ زەبر بەر تیپەکەیان بووەشێنن، لەم حاڵەتەدا ( ئێكزابى ئەلۆنسۆ)، هێزى ئەوەى نییە تا بتوانێت وەک ئیرتیکاز دەربکەوێت، بەڵام ئاریشە قوڵ و چارەسەرنەکراوەکە ئەوەیە، هیچ کام لە ڕاهێنەرانى پێشووى ( ئێكزابى ئەلۆنسۆ)، نەیانتوانیوە ئەو گرفتە تەکتیکیە چارەسەربکەن و شوێنى یاریکردنى ناوبراو ساغ بکەنەوە، داخۆ گۆڵدرووستکارە، یان یاریزانى چەقە، یا ئەوەتا ناوەند بەرگرییە، یان ناوەند هێرشبەرە؟!َ ئەمەیە وادەکات، کە هیچ کام لە ڕاهێنەران (ڕافائیل بینیتیز)ى ئیسپانى لە "لیڤەرپووڵ" و ( خۆسێ مۆرینهۆ) لە "ڕیاڵ مەدرید: نەیانتوانى وەک ناوەند بەرگرى و ناوەند هێرشبەرى پشت بە تواناکانى ( ئێگزابى ئەلۆنسۆ) ببەستن، بۆیە هاتوونە ئیشى دیکەو ئەرکى تەکتیکى دیکەیان خستووەتە ئەستۆى ئەم یاریزانە باسکییە وەک لە پێشووتردا ئاماژەم بۆ بەشێک لە تایبەتمەندییەکانى ئەم یاریزانە کرد. ئێستا پرسیارى عاسى و پڕگرێ لەبارەى ئەم یاریزانەوە ئەوەیە، چى جێگایە شوێنى شیاوە بۆ ئەم یاریزانە، بۆئەوەى هەم خۆى سەرکەوتووبێ و هەمیش "ڕیاڵ مەدرید" و هەم ڕاهێنەریش لە تواناکانى سودبەخشبێ. بەبڕواى من لەگەڵ بەشداریپێکردنى ( ئێگزابى ئەلۆنسۆ) پێویستە یاریزانێک لە هاوشانى ئەم یاریزانە یاریبکات، کە بڕێکى زۆر لەو مواسەفاتە تەکتیکیانەى لەئەمدا بەدیناکرێت لە ئەودا بوونى هەبێ