تیروپشکی مۆندیالی 2026 لە لاس ڤێگاس دەکرێت.. وادەکەشی دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، شاری لاس ڤێگاسی ئەمریکا بۆ میوانداریکردنی تیروپشکی جامی جیهانی 2026 دیاریکراوە، تیروپشکەکە بۆ یەکەمین مۆندیالی 48 هەڵبژاردەیی لە رۆژی 5ـی مانگی 12ـی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
بڕیاربوو لە شارەکانی کەنەدا یان مەکسیکیش ئەنجام بدرێن، بەڵام لە کۆتاییدا رەتکرانەوە. ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا میوانداریی هاوبەشی مۆندیالی 2026 دەکەن. هۆڵی 'زە سفییەر' یەکێک بوو لە شوێنە پێشبینیکراوەکان، بەڵام سەرچاوەکان رایانگەیاندووە هۆڵەکە لە هەمان رۆژی تیروپشکەکەدا کۆنسێرتێکی دیکەی تێدا بەڕێوەدەچێت.
میوانداریکردنی تیروپشکی مۆندیال لە لاس ڤێگاس مێژووێکی کۆنی هەیە، لە ساڵی 1994 تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە بۆ 24 تیپ لە سەنتەری کۆنفرانسەکانی لاس ڤێگاس ئەنجامدرا. ئەو مۆندیالە کۆتا مۆندیال بوو 24 تیپ بەشدارییان تێداکرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 1998ـەوە ژمارەی تیپەکان بۆ 32 تیپ زیادبکرێت.
تاوەکو 29ـی مانگی 7، تەنیا 13 هەڵبژاردە گەیشتنیان بۆ پاڵەوانێتییەکەی ساڵی داهاتوو مسۆگەرکردووە، ئەوانیش ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدای میواندارن، لەگەڵ 10 هەڵبژاردەی دیکە. چارەنووسی هەندێک هەڵبژاردە تاوەکو دوای تیروپشکەکەش یەکلایی نابێتەوە، چونکە یارییەکانی پاشکۆی نێوان کیشوەرەکان مانگی 3ـی ساڵی 2026 ئەنجام دەدرێن.
مۆندیالی ئەمجارە تەواو جیاوازە و 104 یاری لەخۆدەگرێت و 48 تیپ لە 16 شاری میوانداری سێ وڵاتدا رکابەری دەکەن.
یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال لە وەرزی پاییزدا بەردەوام دەبن. 35 تیپی دیکە هیوایان هەیە بلیتی گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنن، پاڵەوانێتییەکەش رۆژی 11ـی مانگی 6ـی 2026 دەستپێدەکات.