کێشەیەکی نوێ بۆ فلیک لە بارسێلۆنا؛ درێسی یاریزانەکان کێشیان قورس دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا داوای گۆڕانکاری لە درێسی یاریزانانی تیپەکەیدا دەکات، دوای ئەوەی لە گەشتی ئاسیادا بۆی دەرکەوتووە لە کاتی یارییکردندا کێشیان زۆر قورس دەبێت.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە گەشتی ئامادەکارییەکانی تیپەکەی لە ژاپۆن و کۆریای باشوور، سەرەڕای گەرمای زۆر و رێژەی شێ زیاتر لە 80%، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر یاریزانەکانی بۆ گەیشتن بە باشترین ئاستی جەستەیی. فلیک لەگەڵ ئەوەی لە ئاستی جەستەیی یاریزانەکان رازییە، بەڵام نیگەرانیی خۆی لەبارەی کوالێتی درێسەکانەوە بە بەرپرسانی یانەکە راگەیاندووە.
یاریزانانی بارسێلۆنا بەهۆی پلەی گەرمی و شێی بەرزەوە زۆر ئارەق دەکەنەوە، ئەمەش وادەکات درێسەکانیان کێشێکی زۆر زیادبکات و ماندووبوونێکی زیاتریان بۆ دروستبکات. یاریزانەکانیش هەمان نیگەرانییان بە ستافی راهێنەران گەیاندووە. رافینیا، ئەستێرەی بەرازیلی یانەکە، بە نموونە باسی درێسی هەڵبژاردەی بەرازیلی کردووە، بەوەی قوماشەکەی زۆر سووکترە و ئارەقکردنەوە کاریگەری لەسەر کێشی ناکات.
فلیک لە ئاستی یاریزانەکانی لە مەشقەکاندا دڵخۆشە، هەرچەندە بەهۆی کەشوهەواکەوە، یاریزانەکان زۆر زیاتر لە مەشقێکی ئاسایی لەنێو یاریگەی خوان گامپەر، پشوو بۆ ئاوخواردنەوە وەردەگرن.
بڕیارە بارسێلۆنا رۆژی پێنجشەممە لە کۆریای باشوور، رووبەڕووی یانەی ئێف سی سیئۆل ببێتەوە.