ڤیدیۆ؛ هیلال یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلال بەبردنەوە دەستی بە رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی سعودی کرد و لە یاریگەی خۆیدا یەکەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
هیلال لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ریازی کرد، لە خولەکی 9 داروین نونێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هیلال تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکەی رەتکردەوە.
 
لە خولەکی 22 موتعەب حەربی، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکەمی خاەن یاریگەی تۆمارکرد و هیلال پێشکەوت.
 
دوای ئەوە هێرشەکانی هیلال بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی بەردەوامبوون، بەر لەلێدانی فیکەی کۆتایی نیوەی یەکەم، مالکۆم یەکەم گۆڵی خۆی بەدرێسی ژمارە 10ـەوە تۆمارکرد و هیلال بووە خاوەن دوو گۆڵ.
 
لە نیوەی دووەمدا هیچ لە یارییەکە نەگۆڕا و هیلال یەکەم بردنەوەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر تۆمارکرد و سێ خاڵی بردەوە.