ریال مەدرید چاوی لە سێیەم بردنەوەی لەسەریەکە


رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێیەم بردنەوەی لەسەریەک و درێژەدان بە رکابەریکردن لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگا، یانەی ریال مەدرید بەرامبەر مایۆرکا یاری دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولەکەدا، کاژێر 22:30 یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە  و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ریال مایۆرکا دەکات و دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک تۆمار بکات.
 
لۆس بلانکۆس دوو یاریی رابردووی بردووەتەوە، لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆ بە ئارامییەکی زۆرەوە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە، بەتایبەت کە یارییەکە لەنێو یاریگەی خۆیان و هاندەرانیاندایە.
 
مایۆرکا لە دوو یاریی رابردوودا تەنیا یەک خاڵی بەدەستهێناوە و پێناچێت بتوانێت بەربەست بخاتە بەردەم هەنگاوەکانی ریال مەدرید بۆ کۆکردنەوەی خاڵ لە رکابەرییەکەدا.
 
لە دوایین پێنج یاریی نێوان هەردوو یانەدا تەنیا یەک یاری بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە و ریال مەدرید چوار یارییەکەی دیکەی بردووەتەوە.
 
جود بێلینگهام، ئێدوارد کاماڤینگا، ئێندریک و فێرلان مێندی بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن و چاوەڕواندەکرێت فرانکۆ ماستانتونۆ ئەمشەو لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاری بکات.