مێژووی ماراسۆن لە هەولێر بۆ شەش ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە
رووداو- هەولێر
مێژووی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە، ئەو ماراسۆنەی ئەمڕۆ هەینیش لە پایتەختی کوردستان بەڕێوەدەچێت، چوارەم ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێرە و پێشبینی دەکرێت 6 هەزار كەس بەشداری تێدا بکەن.
ماراسۆنی هەولێر مێژووێکی دێرینی نییە و چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ژێر درووشمی رۆژێک راکردن لەپێناو ئاشتیدا سەری هەڵدا، بەڵام هەرزوو توانی دانپێدانانی جیهانی بەدەستبێنێت و ببێتە ریزبەندکراو لەچوارچێوەی ماراسۆنی جیهانیدا.
بیرۆکەی سەرهەڵدانی ماراسۆنی هەولێر لەلایەن چەند چالاکڤانێکی ئیتاڵییەوە بوو کە لە یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی پاڵپشتی لە کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی لەلایەن رێکخراوی ماراسۆنی بەغداوە وروژێنرا.
سەرەتا هەوڵیاندا ماراسۆنەکە لە بەغدا ئەنجامبدرێت، بەڵام بە هۆی خراپی بارودۆخی پایتەختی عێراق چالاکڤانانی كورد لە کۆنفرانسەکەدا وایانکرد ماراسۆنەکە بێتە هەولێر و لە ساڵی 2010 یەکەم ماراسۆنی ئەزموونی ئاشتی سازکرا.
کۆنفرانسەکە وەکو ئەزموونی یەکەم سەرکەوتوو بوو و دواتر دوای سازدانی سێیەمین کۆنفرانسی جیهانی پاڵپشتی مەدەنی عێراق لە هەولێر، تونرا پاشخانێکی جیهانی بە ماراسۆنی هەلێر بدرێت و بۆئەم مەبەستەش رێکخراوەکە گرێبەستیان لەگەڵ پارێزگای هەولێر کرد و کارەکە بە سەرکەوتوویی لە هەلێر ئەنجامدرا .
بەهۆی سەرکەوتنی یەکەم ماراسۆن بۆ ساڵی دووەمی ماراسۆنەک نزیکەی 5 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد، کە کەسایەتی ناسراوی کوردستان و باڵیۆزان و کونسوڵەکانی وڵاتانی بیانی تێیدا بەشداربوون.
نوێنەرانی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر لە چالاکییەکانی دەرەوە و ماراسۆنە جیهانییەکان بەشداربوون، وەک ماراسۆنی رۆما کە ئەمەش ئەزموونێکی پرۆفێشناڵی بەوان بەخشی.
پاڵپشتی ماراسۆنی هەولێر دوای ناساندنی لەلایەن کۆمیتەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کۆمیتەی سەرپەرشتی ماراسۆنەکە وەک یەکێک لە ماراسۆنە باوەڕپێکراوەکانی جیهان ناسێنرا.