زاخۆ دەیەوێت بەبردنەوە گەشتە درێژەکەی قەرەبوو بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و سێیەم بردنەوەی لەسەریەک لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا تۆماربکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی غەراف یاری دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولەکەدا، ئەمڕۆ ئێوارە زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی غەراف یاری دەکات، یارییەکە لە ناسڕییە بەڕێوەدەچێت و چاوەڕواندەکرێت یاریگە پڕببێت لە هاندەر، بەتایبەت کە هەردوو یانە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری هاندەران و یانەی غەراف ئەم وەرزە سەرکەوتووە بۆ رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
بەر لەم یارییە بە سێ رۆژ زاخۆ گەشتێکی دوور و درێژی لە زاخۆوە بۆ هەولێر، لە هەولێرەوە بۆ بەسرە و لەوێشەوە بۆ ناسڕییە ئەنجامدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوای بردنەوەی لە نەورۆز و موسڵ یانەکە دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات و بەبردنەوەوە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ یانەی عەینی ئیماراتی ئامادەبکات.
غەراف لەم وەرزەدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، لە دوایین چوار یارییدا نەدۆڕاندووە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەند دوورنەکەوێتەوە.
دوای یارییەکە یانەی زاخۆ دەگەڕێتەوە بەسرە و لەوێ هەر بە فڕۆکە دەگەڕێتەوە هەولێر و دەچێتەوە زاخۆ بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی لووتکەی گەڕی سێیەمی جامی کەنداو بکات، کە رۆژی 4-11-2025 لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر عەینی ئیماراتی یاری دەکات.